هاکان فیدان: ئامانجی ستراتیژیی تورکیا لەنێوبردنی یەپەگەیە لە سووریا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئامانجی ستراتیژیی وڵاتەکەی لەنێوبردنی یەپەگەیە لە سووریا و دەشڵێت سووریایەکی "بێ تیرۆریست، بێ داعش و پەکەکە"یان دەوێت، سووریایەک هەڕەشە نەبێت بۆ کورد، تورکمان، عەلەوی و سوننە. 
 
ئەمشەو، 13ـی کانوونی یەکەمی 2024، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەشداری لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵێکی تورکی کرد. سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر دوایین پێشهاتەکانی دوای کەوتنی حکومەتی بەشار ئەسەد خستەڕوو و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە. 
 
هاکان فیدان سەبارەت بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە ناوە ناوە بە پەکەکە و هەندێک جاریش بە یەپەگە ناوی دەبردن رایگەیاند، هەرچەندە ئەمریکا پشتیوانی لە یەپەگە دەکەن، هاوکات ئەوانیش لە هەندێک ناوچەی سووریا پشتیان بە رووسیا، ئێران و حکومەتی سووریا دەبەست. ئەمەش مایەی نیگەرانی قووڵی تورکیا بوو. دوای کەوتنی حکومەتی سووریا و نەمانی فاکتەرەکانی (رووسیا، ئێران و حکومەتی سووریا) بینیمان چۆن بەرگەی هێرشەکانی ئۆپۆزسیۆنیان نەگرت و سنوورێکی زۆری خاکیان لەدەستدا.  
 
هاکان فیدان راشیگەیاند، لە قۆناخی نوێی سووریادا یەپەگە هەژموون و پێگەی بەهێزی خۆی لەدەستدەدات. ئەمریکاش بەهۆی یەپەگەوە دەکەوێتە دۆخێکی شەرمەزارکەرەوە. 
 
هەر لەبارەی هەسەدە، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "ئامانجی ستراتیژیی تورکیا لەنێوبردن و نەمانی یەکجارەکی یەپەگەیە لە سووریا. پێویستە هەر ئەمڕۆ بەرپرسانی قەندیل و فەرماندە سەربازی و پلەدارەکانی پەکەکە سووریا جێ بهێڵن و شەڕکەرە بیانییەکانیشیان واز لەم رێکخراوە بهێنن. سووریاییەکانی ناو یەپەگە-ش چەکەکانیان فڕێ بدەن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە یان هەڵدەوەشێندرێنەوە. تورکیا بۆ ئەم مەبەستە هەموو رێکار و رێوشوێنێک دەگرێتەبەر." 
 
سەبارەت بە کەمپی هۆل، وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەکرد، ئەمریکا بە دروستکردنی کەمپی هۆل ئەزموونی گوانتانامۆی لە سووریا دووبارە کردەوە. "رۆژئاوا سیاسەتێکی قێزەون جێبەجێ دەکەن، هاووڵاتییە داعشەکانیان وەرناگرنەوە و لە کەمپی هۆل دەیانهێڵنەوە. بۆ ئەمەش ئەرکی پاسەوانیکردنیان بە یەپەگە داوە. بۆ ئەوەی یەپەگەش درێژە بە ئەرکەکەی بدات، دەڵێن هێرشکردنە سەر یەپەگە کاریگەری بەسەر بەرەنگاربوونەوەی داعش دەبێت. ئەمە پاساوێکی پڕوپووچە". 
 
جەخت لەوەش دەکاتەوە، کە دەبێ کەمپی هۆل لە دەست یەپەگە دەربهێندرێت و حکومەتی نوێی دیمەشق خۆی کۆنترۆڵی بکات. لەگەڵ عێراق و وڵاتان رێکبەکەوێت بۆ رادەستکردنی داعش و کەسوکارەکانیان بۆ ئەوەی کەمپەکە بۆ هەمیشە دابخرێت. بەمەش جارێکی دیکە یەپەگە ناتوانێت ئەم دۆخە بۆ بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە و هەڕەشە لەلایەنەکان بکات. 
 
پەسنی سوپای سووریای ئازادی کرد و رایگەیاند، پشتیوانی سوپای سووریای ئازاد نەبووایە پەناخوازی زیاتری سووریا روویان لە تورکیا دەکرد. 
 
لەبارەی کۆی رووداوەکانی سووریا، هاکان فیدان رایگەیاند، زۆر هەوڵماندا سەقامگیری بۆ سووریا بگەڕێنینەوە بەڵام رژێم رەتیکردەوە. لە سەرجەم کۆبوونەوەکاندا داوامان لە رژێم دەکرد سەقامگیری و ئاشتی بپارێزن و لەگەڵ میللـەتەکەی ئاشت ببێتەوە. بەڵام لاوازی رژێم هۆکاری رووداوەکان بوو، چونکە  رژێم لە ژێر گوشاری زۆری رووسیا و ئێران و ئەمریکا بوو، بڕیار بەدەست خۆی نەمابوو. 
 
گوتیشی: "هەمیشە چاومان لە پاراستنی یەکپارچەیی خاک و یەکڕیزی گەل و داهاتووی سووریا بووە. هیچ کات چاومان لە خاک و کێڵگەی نەوت و سەرچاوەکانی داهاتی ئەم وڵاتە نەبووە."  
 
لەکاتی نزیکبوونەوەی ئۆپۆزسیۆن بۆ حەلەب، رژێم گوێی بە کوژراو و بریندارەکانی سوپای خۆی نەدەدا و هەستی بە زیانەکانی نەدەکرد.  لە کاتێکی زۆر درەنگ، رژێم کەموکوڕییەکانی خۆی بینی بەڵام سوودی نەبوو بە ناچاری هەڵات. هاکان فیدان وای گوت.  
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەفتەیەک پێش کەوتنی ئەسەد، بە وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئێرانم راگەیاند کاتی هاتووە دەستبەرداری بن، ناکرێت وەبەرهێنان بۆ رژێمێک بکەن خەریکە کۆتایی پێدێت. پێم راگەیاندن لە کۆتاییدا ئۆپۆزسیۆن و گرووپە چەکدارەکان هەر سەردەکەون بەڵام بە دەستوەردانی ئێوە خوێنی زۆر دەڕژێت. ئەمجارە وەک ساڵی 2015 نییە کاتێک ئۆپۆزسیۆن گەیشتە حەما، ئێران و رووسیا رژێمیان لە نەمان رزگار کرد، ئەمجارە کۆتاییەکەی روونە. 
 
سەبارەت بە چۆنێتی بەڕێوەبردنی سووریا لە قۆناخی دوای بەشار ئەسەد، وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد، ئۆپۆزسیۆن نزیکەی 11 ساڵە زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی سووریا بەڕێوەدەبرد. تەنیا لە ئیدلب، دەستەی تەحریری شام نزیکەی چوار ملیۆن کەسیان بەڕێوەبرد ئەمە وایکرد لە حوکمڕانیکردندا ئەزموونیان هەبێت. هەفتەیەکە رەنگدانەوەی ئەزموونەکانیان لە دیمەشق و زۆربەی ناوچەکانی دیکەی سووریا دەبینرێت. 
 
هەروەها گوتی: "ئامانجی ئەم قۆناخەمان بۆ سووریا، قایلکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتی کاتی سووریا." جەختی لەوەشکردەوە، کەس هێندەی ئێمە دەستەی تەحریر شام ناناسێت. 
 
دواتر باسی لە رۆڵی میت و فەرماندە سەربازییەکانی سوپای تورکیا کرد لە سووریا و رایگەیاند، میت لە گۆڕەپاندا رۆڵێکی هەواڵگریی زۆر کارای هەبووە. لە پرسی سووریا هەموو کات هەڕەشەکانی دژی تورکیای ئاشکرا دەکرد. ئێستاش بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانمان ناچارین لە قۆناخی ئێستای سووریا کارا و کاریگەر بین. گوتیشی: "سووریایەکی بێ تیرۆریست، بێ داعش و پەکەکە-مان دەوێت. سووریایەکمان دەوێت هەڕەشە نەبێت بۆ کورد، تورکمان، عەلەوی و سوننە. هەروەها سووریایەکمان دەوێت هەڕەشە نەبێت بۆ وڵاتانی دراوسێ و جیهان.  
 
لەبارەی دیاریکردنی باڵیۆزی نوێی وڵاتەکەی لە دیمەشق، هاکان فیدان رایگەیاند، سبەی باڵیۆزی نوێمان لە دیمەشق دەستبەکار دەبێت. تەواوی ستافی باڵیۆزخانەی تورکیا لە مۆریتانیا رەوانەی دیمەشق کرد.  
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە