رووداو دیجیتاڵ
تووندڕۆیی و پەڕگیری رێکخراوەکانی وەک قاعیدە، دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام (داعش) لەنێو کۆمەڵگەی کوردستانی دا گەشەی نەکرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا ژمارەیەک کورد چوونە ریزی ئەو دوو رێکخراوەوە. دوای جیابوونەوەی بەرەی نوسرە بەسەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع ( ئەبو محەممەد جۆلانی) لە داعش و بەیعەتی بە داعش بەشێکیان چوونە ئیدلب و چوونە نێو چوارچێوەی نوسرەوە، ئێستا زۆربەی هەرە زۆری ئەو چەکدارە پەڕگیر و تووندڕۆیانەی داعش لە ریزەکانی هەیئەی تەحریری شام (هەتەشە)دان.
ئەحمەد شەرع رایگەیاندووە کە 30٪ی چەکدارانی نێو رێکخراوەکەی خەڵکی دەرەوەی سووریان. ژمارەی چەکدارانی کورد لەنێو ریزەکانی هەتەشەدا نزیکەی 300 چەکدار دەبێت، بەڵام لەنێو ئەو گرووپەدا چەکداری بەلووچ و گیلەکیش هەن، بەڵام بەشی زۆریان کوردن.
ئەم راپۆرتە پووختەی راپۆرتێکی درێژی هاوکارمان فازڵ هەورامی یە، کە لە حوزەیرانی 2020 لە بەشی ئینگلیزیی رووداو دا بڵاوکراوەتەوە.
قسەکانی عەبدولڕەحمان فەتاحی، یەکێک لە یاریدەدەرانی جۆلانی بە کوردی سەرەداوێکی خستەڕوو لەسەر رۆڵی چەکدارانی کورد لە ریزی هەیئەی تەحریری شام (هەتەشە)دا. هەروەها چەکدارێکی کوردی ئەو گرووپە لە لازقییەوە لەبارەی "سەرکەوتن"یان بەرامبەر رژێمی سووریا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە.
کورد چۆن گەیشتنە نێو هەتەشە؟ چەکدارانی کورد چ رۆڵێکیان هەیە؟ چەند ساڵە لەنێو ئەو گرووپەدان؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە دەبێ سەرەتا بگەڕێینەوە بۆ چۆنیەتی پەیوەندیکردنی کورد بە ریزەکانی هەتەشەوە.
لە سەرەتاکانی 2020دا تۆڕی میدیایی رووداو دەستی گەیشتە کۆمەڵێک ڤیدیۆ و زانیاریی ئۆنڵاین لەبارەی کورد لەریزی ئەو گرووپە چەکدارەدا، بەپێی ئەو پشکنین و بەدواداچوونەی رووداو کردی لە ڤیدیۆکانی چەکدارانی کورد لە ریزی گرووپەکەدا، ئەو ناوچەیەی ئەرکەکەی بە چەکدارانی کورد راسپێردرا بوو، ساحل بوو کە دەکەوێتە نێوان لازقیە و تەڕتووس لە باکووری رۆژئاوای سووریا، کە دوو ناوچەی عەلەوییەکانن.
چەکدارانی کورد هەزاران کیلۆمەتریان بڕی لە دوای ساڵی 2015ـەوە بۆ چوونە ریزی ئەو گرووپە چەکدارییە، ئەوانەی چوونەتە ریزی ئەو گرووپە لاوی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانن، بە هزر و بیری پەڕگیری سەردەمی قاعیدە و گرووپەکانی سەر بە قاعیدە پەناگەی خۆیان لەدوای دەستپێکردنی جەنگی نێوخۆی سووریا لەو وڵاتەدا دۆزییەوە.
ئەوان لە قۆناخی دوای رووخاندنی خەلافەتی داعش لە سووریا لەسەردەستی هەسەدە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، خەریکی جموجۆڵ و راهێنان بوون، زۆربەیان لەو راهێنان و جموجۆڵانە بە جلی کوردییەوە دەردەکەوتن، بوونە بەشێک لە هەتەشە کە ناوچەی ژێر دەسەڵاتەکەی نزیکەی سێ ملیۆن کەس دەبوون.
چەکدارانی هەتەشە بە چەکدارانی کوردیشەوە لە ئیدلب و ناوچەی دیکە خەریکی لێدانی تونێل و ئامادەکاری بوون بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەی زیاتر لە سووریا و دەستگرتن بە سەر دیمەشق دا.
منداڵی 12 ساڵان لەنێو گرووپەکە دا
بەپێی ئەو بەدواداچوونەی رووداو کە لەلایەن سەرنووسەری ئەوکاتی بەشی ئینگلیزی رووداو فازڵ هەورامی، کە هەر ئەوکات وەک راپۆرتێکی 5000 وشەیی بە ئینگلیزی بڵاوکرایەوە، سەرەتای رەگ و ریشەی کوردی نێو هەتەشە دەرکەوت کە ژمارەیەکی بەرچاو چەکداری کورد لە ریزی گرووپەکەدان، ئەوەی جێگەی سەرنجە لە یەکێک لەو وێنانەی گرووپەکە لەسەر پلاتفۆرمەکانی ئۆنڵاینی خۆی بڵاوی کردبووەوە چەکدارێکی منداڵی تەمەن 10 بۆ 12 ساڵی بە ناوی زوبێر کوردی دەردەکەوێت. زوبێر لە 16ـی ئایاری 2020 لە ئیدلب کوژرا. بەپێی زانیارییەکانی پەیجی قادسیەی سەر بە هەتەشە لە تەلەگرام، ئەو منداڵە بە جلوبەرگ و چەکەوە لە ناوچە سەوزەکانی ئیدلب دەرکەوتووە ودواتر هەواڵی کوژرانی راگەیێندرا.
درۆن و بۆمب و راهێنانی چەکداران
چەکدارانی کورد لە ریزی هەتەشەدا کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنیان خرابووە بەر دەست، ئەوان لە نێوان 2018 بۆ 2023 ناوە ناوە سەرپەرشتی ئەو جموجۆڵ و کردەوانەیان کردووە بۆ سەر سەربازانی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی لە سووریا.
لە یەکێک لەو ڤیدیۆیانەدا چەکدارێکی کوردی نێو هەتەشە بەناوی عەبدوڵڵا کوردی، بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە شارۆچکەی جەرجناز لە ئیدلب خۆی بە هێزەکانی حکومەتی سووریا دەتەقێنێتەوە، پەیجی ئەو گرووپە بە ناوی (ابا) کە رووداوەکە لە 24ـی کانوونی یەکەمی 2020دا روویداوە.
هاوکات لە ڤیدیۆکانی دیکەی بەردەستدا دەردەکەوێت چەکدارانی کورد لە ریزی هەتەشەدا چەندین تونێلیان لە ترسی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان لێداوە، هەروەها لەنێو ئەو تونێلانەدا، هاوەن، چەک و تەقەمەنی زۆر هەڵگیراوە، ئەوان لە 2016 لە دوو بەرەوە رووبەڕووی گوشار و شەڕ بوونەوە، لەلایەن داعش و لەلایەن هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا.
دوای ئەوەی گرووپێك بە ناوی (بزووتنەوەی موهاجرینی سوننەکانی ئێران) لە مانگەكانی نێوەڕاستی ساڵی 2016دا بەیعەتی بە بەرەی نوسرە دا، لەبەرئەوەی بەشی زۆری ئەندامەکانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون، ژمارەی کورد لە نێو رێکخراوەکەدا بەرەو زیادبوون رۆیشت، بەڵام ئەوان هیچ کاتێک نەبوونە بەشێک لە گرووپە کوردییەکە و درێژەیان بە پەیوەندییان دا لەگەڵ جیهادییە غەیرە کوردەکانی ئێران.
لە ساڵی 2016دا یەکێک لە ناسراوترین کەسایەتییە جیهادییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی (عەبدولڕەحمان فەتاحی) چووە سووریا و پەیوەندی بە ریزەکانی بەرەی نوسرەوە کرد، بەڵام ئەویش تێکەڵی گرووپە کوردییەکە نەبوو و لە بەشی شەرعیی رێکخراوەکەدا بەرپرسیارێتی پێدرا، دواتریش کە گرووپی تازە چوونە ریزیانەوە، وەک بەرەی فەتحی شام لە بزووتنەوەی موهاجرینی سوننەکانی ئێران، زیاتر بایەخیان بە گوتار و ئامۆژگارییەکانی فەتاحی دا.
ژمارەی چەکدارانی کورد لەنێو هەتەشەدا
ژمارەی چەکدارانی کورد لەنێو هەتەشەدا بەردەوام جێگەی مشتومڕ بووە، بە دروستی ئێستا نازانرێت چەند چەکداری کورد لە ریزەکانیدان، بەڵام بەپێی بەدواداچوونێکی پێشتری رووداو لە دوای 2020ەوە ژمارەی کورد لەنێو گرووپە چەکدارەکەدا گەیشتووەتە 3000 هەزار چەکدار.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، ماوەیەکی کەم دوای سەرهەڵدانی قەیرانی نێوخۆیی لە سووریا، لقێکی سەر بە رێکخراوی قاعیدە لەگەڵ داعش پەیوەندی هەبوو.
پێش ئەوەی ئەم لقەی رێکخراوی قاعیدە کە ئەبو محەممەد جۆلانی سەرکردایەتی دەکرد، ناوی (بەرەی نووسرە) بۆ خۆی هەڵبژێرێ، لە ناوچەی جیاوازەوە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان، باشووری کوردستان، ئەفغانستان و ناوچەی دیکە کەسانی پەرگیڕ چوونەتە ریزی ئەو گرووپەوە.
چەکدارێکی کوردی نێو هەتەشە لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد لە دیمەشق پەیامێک بە زمانی کوردی بڵاودەکاتەوە.
کوردی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان نێو بەرەی نوسرە پاش کوژرانی ئەندامێکی کوردی رێکخراوەکە، گرووپێکی کوردییان بەناوی ئەوەوە دروستکرد، کە ئەویش گرووپی (گرووپی کۆساری) بوو.
لە کاتی دابڕانی داعش و نوسرەدا لە یەکدی، ئەم گرووپە کوردییەش دابەش بوو، بەشێکیان لەگەڵ نوسرە مانەوە و ئەوانی دیکە بەیعەتیان بە ئەبوبەکر بەغدادی دا، دواتر بەشدارییان لە دروستکردنی کەتیبە کوردییەکەی داعش واتە (کەتیبەی سەڵاحەدین) کرد.
"کۆسارییەکان"ی ناو بەرەی نوسرە، بە هەمان شێوازی جاران و بە هەمان ناوی پێشووەوە، بەڵام بە ژمارەیەکی کەمتر، درێژەیان بە کارکردن لەنێو نوسرە دا. لە بەهاری ساڵی 2015دا لە رێکخراوی (ئەنساروئیسلام) نزیکبوونەوە، کە لە ژێر گوشاری داعش دا عێراقیان جێهێشتبوو و روویان لە سووریا کردبوو.
بە پێچەوانەی قۆناخی پێشوو، ئەم گرووپە بە تەواوی لەگەڵ رێکخراوی ئەنساروئیسلام دا تێکەڵ بوو، پاش ساڵێک و چەند مانگ بەو بیانووەی کە ئەنسار وەکو پێویست ئەرکی پێ نەسپاردوون و بەرپرسارێتی پێنەداون، لە 2016 دا جگە لە چەند کەسێكیان، ئەوانی دیکە کە ژمارەیان لەنێوان 50 بۆ 100 کەس دەبوو، ریزەکانی ئەنساریان بەجێهێشت.
پاشان ئەو کەسانە (بزووتنەوەی سوننە موهاجیرەکانی ئێران لە وڵاتی شام)یان دروستکرد. هەرچەندە بەهۆی هەلومەرجی تایبەتی سووریاوە ئەوان ناچاربوون جارێکی دیکە لە بەرەی نوسرە نزیک ببنەوە کە هەندێ ئاڵووگۆڕی بنەمایی تێیدا کرابوو، هەروەها ناوی رێکخراوەکەش گۆڕدرابوو، بەڵام ئەم نزیکبوونەوەیە تەنیا نزیکبوونەوەیەکی ئایدۆلۆژیی بوو. ئەوان لەڕووی رێکخراوەییەوە سەربەخۆ رەفتاریان کرد و تەنانەت ئاڵا و لۆگۆی تایبەت بە خۆیان دیاری کرد و بەشێکی راگەیاندنی جیاواز لە بەرەی نوسرەیان بەناوی (قادسیە) کردەوە. بەوشێوەیە جموجۆڵیان بەردەوام بوو.
دوای پاشەکشە و گوشار و بۆردوومانی سەر گرووپە چەکدارەکان، چەکدارانی کورد پەرتەوازە بوون، بەڵام توانییان لە حەما و ئیدلب خۆیان کۆبکەنەوە و لەوێ جموجۆڵیان هەبوو.
کوردە کوژراوە دیارەکانی نێو هەتەشە
لەنێو هەتەشەدا بەدرێژایی 9 ساڵی رابردوو ژمارەیەک چەکداری کورد کوژراون، لەنێو ئەوانەی لە ریزی ئەو گرووپەدا لە حەما، ئیدلب و ناوچەی دیکە کوژراون، ئەوانەش کوردی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانن.
ئەبو شکیل کوردی، مەولەوی بەلووچی، ئەبوبەکر تەوحیدی، ئەبو قائیدی کوردی، سەیفوئیسلامی بەلووچی، عەبدولڕەئوفی کوردی، یونس کوردی، محەممەد فاتیح کوردی و سالم کوردی، لیستەکە درێژ دەبێتەوە و تەنیا لە یەک راگەیێندراوی پێشتری هەتەشەدا باس لە کوژرانی نزیکەی 300 چەکداری "موهاجرین"ی لە کورد، بەلووچ و گیلەکی تێدایە، کە بەشی زۆریان کوردن.
بەڵام روون نییە لە دوای 2020ـەوە چەند کوردی دیکە لەنێو ئەو گرووپەدا کوژراون، بەڵام ئەوە روونە ئەرکی راکێشانی کورد بۆ نێو گرووپەکە و سەرپەرشتیکردن و راهێنانیان لە ئەستۆی عەبدولڕەحمان فەتاحی بووە.
عەبدولڕەحمان فەتاحی کێیە؟
عەبدولڕەحمان فەتاحی کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، قوتابی عەبدولقادر تەوحیدی بووە، کە کوردێکی سوننەیە و لە نێوەڕاستەکانی حەفتاکان لە هەڵەبجە خوێندوویەتی، دواتر بە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دا گەڕاوە و خۆی وەکو بانگخواز پێشان داوە.
تەوحیدی کە فەتاحی قوتابی ئەو بووە، دوای رووخاندنی سیستمی پاشایەتی لە ئێران و ئەو بەڵێنانەی پێیاندرا لە چوارچێوەی شۆڕشی گەلانی ئێران دا نەگەیشتە هیچ ئەنجامێک، لەبەرئەوە لە کۆتایی 1984 دا دامەزراندنی بزووتنەوەی تەوحیدی بۆ سوننە لە ئێران رایگەیاند، پاش هەڵمەتی دەستگیرکردن و راوەدوونانی ئەندامانی بزووتنەوەکە و لەسێدارەدانی سێ لە بەرپرسەکانی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، عەبدولقادر تەوحیدی جیهادی راگەیاند، هاوکات دوای تێکدانی کەمپی راهێنانیان و دوورخستنەوەیان بەرەو هەورامان و نەمانی هیچ شوێنێک بۆ ئەندامانی بزووتنەوەکە، جموجۆڵ و شوێنی کاری خۆیان گواستەوە ئەفغانستان. جگە لەوەی ئەندامانی ئەو بزووتنەوەیە لە ناوچەی هەڵەبجەش مابوون و شەڕیان دەکرد، لەنێو ئەو ئەندامانەی بەردەوام لە شوێنێکەوە دەچوونە شوێنێکی دیکە، عەبدولڕەحمان فەتاحی بوو.
فەتاحی لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گرووپێک لە قوتابیان وانەی ئایینیان دەخوێند لە رانیە هەروەها لە قەندیل. فەتاحی خۆی لە ئیدلب لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ پەیجەکانی هەتەشەدا دەڵێ: "لە بەهاری 1993 دەستم کرد بە گوتنەوەی وانەی ئایینی لە رانیە لە قوتابخانەیەکی ئایینی سەر بە بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کوردستان"، ئەو باس لەوە دەکات رۆژانی هەینی لە رانیە گفتوگۆی لەگەڵ تەوحیدی کردووە لەبارەی "جیهاد و قیتال".
تەوحیدی ئەوکات زانیویەتی قوتابییەکی پەرۆشی بۆ "جیهاد" دۆزیوەتەوە. فەتاحی دواتر خۆی لەنێو قاعیدە و گرووپەکانی دیکەدا دۆزیوەتەوە و بەدرێژایی ساڵانی 2000 تاوەکو 2015 لە ریزی ئەو گرووپانە ئەرکی راکێشانی خەڵک بووە بۆ " جیهاد".
چیرۆکی چوونی عەبدولڕەحمان فەتاحی بۆ سووریا دەگەڕێتەوە بۆ 2015، گرووپەکانی ئەنساروئیسلام و پاشماوەکانیان، ئەو پاش ئازادکردنی لە زیندانی رەجائی شەهر چووەتە سووریا ، دیار نییە چۆن گەیشتووەتە ئیدلب، بەڵام سەرەتای 2015 لە ئێران بینراوە و دواتر چووەتە سووریا لەوێ سەرپەرشتی "بانگەوازی جیهاد"ی کردووە لەگەڵ راکێشانی خەڵك بۆ نێو گرووپەکە. عەبدولڕەحمان فەتاحی لە چەندین گرتەی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت کە گوتار پێشکێش دەکات بۆ چەکدارانی کورد لە ریزی هەتەشەدا، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا وەکو بانگخواز لەنێو گرووپەکەدا ئەرک و رۆڵی پێدراوە و بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ