هاکان فیدان: نابێت پەکەکە لە سووریا دەسەڵاتی هەبێت

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و تورکیا کۆبوونەوە، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیان دۆخی سووریا و ناوچەکە بوو.
 
کۆبوونەوەی هاکان فیدان و ئەنتۆنی بلینکن ئەمڕۆ هەینی 13ـی کانوونی یەکەم لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. 
 
وەزیرانی هەردوو وڵات دوای کۆبوونەوەیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
هاکان فیدان گوتی، "دوو بابەتی گرنگ و بەپەلەی رۆژەڤمان سووریا و غەززەن. دەتوانرێت چی بکرێت بۆ یەکێتی و یەکپارچەیی، پێکەوەیی و سەروەریی سووریا؟ هەم تورکیا و ئەمریکا، هەم ئەکتەرە ناوچەییەکان چ رۆڵێکیان دەکەوێتە سەر شان؟ دەبێت چۆن پێکەوە بە هاوبەشی کار بکەین؟ بە وردەکارییەوە لەسەر ئەو بابەتانە گفتوگۆمان کرد. بەتایبەتی دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە سووریا و رێگەنەدان بە تیرۆر بۆ ئەوەی داعش و پەکەکە لەوێ دەسەڵاتدار نەبن. بێگومان ئەمانە کاری لەپێشینەمانن لەوێ. لەبارەی ئەمانەوە چی دەکەین و نیگەرانییە هاوبەشەکان چین؟ بۆ نیگەرانییە هاوبەشەکان دەبێت چارەسەری هاوبەش چی بێت؟ لەسەر ئەم بابەتانە گفتوگۆمان کرد".
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دەبێت لە سووریا حکومەتێکی گشتگیر پێکبهێنرێت و پشتیوانیی حکومەتێك دەکەن تێگەیشتنی بۆ مافەکانی مرۆڤ هەبێت.
 
ئاماژەی بەوەشدا، "خەڵکی سووریا چاوەڕێی ئایندەیەکی باشتر دەکەن و دەمانەوێت لەوە دڵنیابینەوە کە داعش ناتوانێت سەرهەڵبداتەوە".
 
لەپاڵ دۆخی سووریا، دۆخی غەززەش لەو کۆبوونەوەیە تاوتوێکراوە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئاماژەی مژدەدەر" هەن کە ئاگربەستی غەززە رابگەیێندرێت.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، شەوی رابردوو گەیشتە ئەنقەرە و لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغا، لەلایەن ئەحمەد جەمیل میرئۆغڵو، بەرێوەبەری پرۆتۆکۆلی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و میشێل گۆڵدمان، بالیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە و بەرپرسانی دیکەی تورکیا و ئەمریکا پێشوازی لێکرا. 
 
بلینکن دواتر لەگەڵ شاندی یاوەری گەیشتنە کۆشکی بێشتەپەی سەرۆکایەتیی کۆمار و دوای پێشوازیکردنی لەلایەن هاکان فیدان، هاوشانە تورکییەکەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە. 
 
میدیای فەرمیی تورکیا بەبێ ئاماژەدان بە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، ئەوەی خستەڕوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان نیو کاژێر لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن کۆبووەوە.
 
ئەنتۆنی بلینکن، پێش سەردانەکەی بۆ تورکیا، سەردانی ئوردنی کرد و لەگەڵ هاوشانە ئوردنییەکەی و بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە کۆبووەوە. بڕیارە دوای ئەنقەرە گەشتێک بۆ چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە