رووداو دیجیتاڵ
پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ستراتیژی لە راپۆرتی 2024ـدا دەڵێت، وڵاتانی عێراق، سووریا و تورکیا ناوچەی گونجاویان هەیە بۆ ئەوەی تاوانی رێکخراویان تێدا بکرێت. دەشڵێت: "لە یەک ساڵدا، لە عێراق شەش هەزار و 37 رووداو و لە سووریاش 11 هەزار و 385 رووداوی تووندوتیژی و هێرش روویانداوە."
رۆژی پێنجشەممە 12-12-2024 پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ستراتیجی (IISS) راپۆرتی ساڵی 2024ـی بڵاوکردەوە کە تایبەتە بە تەنگژە چەکدارییەکانی جیهان.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە ژمارەی هێز و گرووپە چەکداری و سەربازییەکان لە عێراق و سووریا کراوە. زانیارییەکان لە نێوان 01-07-2023 بۆ 30-07-2024 وەرگیراوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە: وڵاتانی عێراق، سووریا و تورکیا ناوچەی گونجاویان هەیە بۆ ئەوەی تاوانی رێکخراویان تێدا بکرێت. عێراق لە پێوەری ناوەندی تاوان لە ریزبەندی 17ــدا دێت، سووریا لە ریزبەندی 15 و تورکیا لە ریزبەندی 9 دایە.
عێراق 6.3 پلەی بەدەستهێناوە لەکاتێکدا 10 پلە ئاماژەیە بۆ بەرزترین کردەوەی تاوانکاریی گەورە و رێکخراو.
پێوەری ناوەندی تاوان بۆ هەڵسەنگاندنی کردەوە تاوانکارییە رێکخراوەکانە لە هەر وڵاتێکدا. پێوەرەکە وڵاتان لەسەر ژمارەی نێوان 1 بۆ 10 پۆڵێن دەکات. 1 ئاماژەیە بۆ نزمترین ئاستی کردەوەی تاوانکاری و 10 ئاماژەیە بۆ بەرزترین ئاست.
راپۆرتەکە 372 لاپەڕەیە، ئاماژە بە زیادبوونی رێژەی رووداوە تووندوتیژەکان و زیادبوونی ژمارەی کوژراوەکان دەکات لە جیهاندا. تێیدا هاتووە، ژمارەی کوژراوان بە هۆی تووندوتیژییەکانەوە لە جیهاندا 37٪ زیادیکردووە، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا زیاتر لە 315٪ زیادیکردووە. لە ماوەی دیاریکراوی کۆکردنەوەی داتاکاندا، زیاتر لە 200 هەزار کەس لە جیهاندا کوژراون.
عێراق
لەو ماوەیەی داتاکان کۆکراونەتەوە، شەش هەزار و 37 رووداوی تووندوتیژی لە عێراق روویانداوە و بەهۆیانەوە، هەزار و 61 کەس کوژراون. عێراق پلەی 6.3ـی تاوانکاری پێدراوە.
دهۆک بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە، لە هەموو شارەکانی دیکەی عێراق زیاتر رووداوە تووندوتیژییەکانی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها ناوچەکانی دیکەی عێراق لە رووداوە تووندوتیژییەکان بێ بەش نین.
هێزە چەکدار و سەربازییەکان
پەیمانگەکە لەبارەی هێزەکانی نێو عێراق بەمشێوەیە ژمارەکانی خستووەتەڕوو:
- پێشمەرگە: 200 بۆ 300 هەزار
- هێزەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر: 193 هەزار
- حەشدی شەعبی: 200 بۆ 240 هەزار
- داعش: نزیکەی 500 چەکدار
- (پەکەکە): 4000 - 5000
- سوپای تورکیا، 4000 سەرباز
- هێزەکانی هاوپەیمانانان: 2000 - 2500
سووریا
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە سووریا لە یەک ساڵدا، 11 هەزار و 385 رووداو روویانداوە، بەهۆیانەوە شەش هەزار و 545 کەس کوژراون. "حەلەب لە هەموو شارەکانی دیکە زیاتر تووندوتیژی تێدابووە." سووریاش پلەی 6.4ـی پێدراوە.
هێزە چەکدار و سەربازییەکان:
- هێزە چەکدارەکانی سووریا (پێش رووخانی ئەسەد): 169 هەزار سەربازی چالاک و 100 هەزار چەکداری نافەرمی.
- دەستەی تەحریری شام (هەتەشە): 10 هەزار چەکدار
- سوپای نیشتمانیی سووریا: 70 هەزار چەکدار
- (هەسەدە): 40 بۆ 60 هەزار شەڕڤان
- داعش: ژمارەکە دیار نییە
- سوپای رووسیا (پێش رووخانی ئەسەد): 4000 سەرباز
- سوپای پاسدارانی ئێران (پێش رووخانی ئەسەد): 1500سەرباز
- هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: 900 سەرباز
- سوپای تورکیا: 3000 سەرباز
- حیزبوڵڵا (پێش رووخانی ئەسەد): 7000 - 8000 چەکدار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ