کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر چارەنووسی جەنگی غەززە ناکۆکن

13-12-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
هەڵاتن لە ناوچەکانی جەنگ لە غەززە
هەڵاتن لە ناوچەکانی جەنگ لە غەززە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

شەڕوپێکدادانەکانی نێوان سەربازانی ئیسرائیلی و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین لە نێوەڕاستی کەرتی غەززە رۆژ دوای رۆژ درێژتر و چڕتر دەبێتەوە، چەند رۆژێکە سوپای ئیسرائیل سەرقاڵی لێدانی ئەو پێگانەن کە لەوێوە مووشەک ئاراستەی نێو خاکی ئیسرائیل دەکرێت. ئیسرائیل جاڕی بەردەوامیی جەنگ لێدەدات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ناکۆکن لەسەری. 
 
مەرجی سەرەکیی ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە ئەو کاتەیە کە حەماس لەنێو غەززە نامێنێت. 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "لە دوای ئەو گفتوگۆ گەرمەی لەگەڵ بایدن و ئیدارەکەی کردم. پشتگیریی تەواومان پێدرا بۆ ئۆپەراسیۆنی زەوینی و دامرکاندنەوەی گوشاری نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، بەڵام ناکۆکیی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی لەدوای حەماس چی دەبێت و هیوادارم بگەینە رێککەوتنێک، لەدوای ئەو هەموو قوربانییەی خەڵک و سەربازەکانمان، رێگەنادەین ئەو کەسانە بێنەوە غەززە کە هاوکاری و پاڵپشتی تیرۆریزم دەکەن، غەززە نە حەماسستان و نە فەتحستان دەبێت."
 
لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە 100 سەربازی ئیسرائیلی لە ئۆپەراسیۆنی زەوینی نێو غەززە کوژراون و ژمارەی کوژراوانی سڤیلی فەلەستینی 18 هەزاری تیپەڕاندووە، بەڵام ئاسۆی ئاگربەستێکی نوێ لەئارادا نییە.
 
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەسەر رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنا بە قەیرانی مرۆیی و جەنگەکە ناکۆکن.
 
لەگەڵ هەڵکشانی زیاتری ژمارەی قوربانییانیش، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دەداتە ئیسرائیل کە پشتیوانیی نێودەوڵەتی لەدەستدەدەن. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە ئەو پەیامەی ئاراستەی سەرکردەکانی ئیسرائیل کرد. هەروەها ناتەنیاهووی بە سەرۆکی پەڕگیرترین حکومەت لە مێژووی ئیسرائیلدا ناوبرد کە هیچ هەوڵێک نادات بۆ نزیکبوونەوە لە چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ کێشەی فەلەستین. 
 
محەممەد شتەییە، سەرۆکوەزیرانی فەلەستین دەڵێت، "ئێمە سەرکۆنەی هەر کەسێک دەکەین کە هانی ئیسرائیل دەدات، تاوەکو لە کوشتارەکەی بەردەوام بێت. ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی سیاسەتەکانی ئەمریکا دەکەین کە پڕیەتی لە ئاڵۆزیی نێودەوڵەتی و ئاژاوە بۆ پاڵپشتییان بۆ ئیسرائیل، لەکاتێکدایە دەڵێن ئەوان دژی کوشتنی خەڵکی سڤیلن."
 
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە، بەهۆی شەڕەوە، تائێستا نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە خەڵکی غەززە ئاوارەبوون کە دەکاتە نزیکەی 90٪ـی ژمارەی دانیشتووانی کەرتەکە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە