ئەمریکا دوو بنکەی 'چەکدارەکانی نزیک لە ئێران'ـی لە رۆژهەڵاتی سووریا کردە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان دوو بنکەیان لە رۆژهەڵاتی سووریا کردە ئامانج کە سەر بە "گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران" بوون و ئەوەش وەک وەڵامێکە بۆ ئەو چەندین هێرشەی کراوەتە سەر بنکە و سەربازانیان لە عێراق و سووریا.
رۆژی دووشەممە، 13-11-2023، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، "هێزەکانی ئەمریکا دوو پێگەی سەر بە ئێرانیان لە سووریا بۆردوومانکرد، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشکردنە سەر پێگە و بنکە و سەربازانی ئەمریکی."
ئۆستن روونیکردەوە، "هێزەکانمان زۆر بە وردی چەند دامەزراوەیەکیان لە رۆژهەڵاتی سووریا کردووەتە ئامانج کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران و چەند گرووپێکی سەر بە ئێران بەکاردەهاتن."
لەبارەی ژمارەی کوژراو و بریندارەوە، تائێستا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا هیچ ئامارێکی بڵاونەکردووەتەوە.
ئۆستن لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی ئاماژەی بەوەدا، "سەرۆکی ئەمریکا جگە لە دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی کارمەند و سەربازانی ئەمریکا، هیچ کارێکی دیکەی لەپێشینەی نییە، بۆیە کە بڕیاری لەسەر ئەو بە ئامانجگرتنە دا، ئەو تەنیا مەبەستی ئەوەبوو بۆ هەموو لایەک روون ببێتەوە کە ئەمریکا بەرگریی لە سەرباز، کارمەند و بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات."
لەبارەی هێرشەکەوە چەند سەرچاوەیەکی خۆجێیی سووریا رایانگەیاند، "هێرشەکانی ئەمریکا کەمپێکیان لە نزیک رۆژئاوای ئەلبوکەمال لە پارێزگای دێرەزوور کردە ئامانج. هێرشی دووەمیش لە نزیک پردێک لە شاری مەیادینی نزیک سنووری عێراق بوو، هەردوو ئامانجەکە سەر بە میلیشیاکانی ئێران بوون."
دوای ئەوەی چەندین جار پێگەکانی ئەمریکا کەوتنە بەر هێرشی درۆن و مووشەکەکان، ئەمە سێیەم هێرشی ئەمریکایە لەو ناوچەیە، بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وایە هێرشەکان بەرهەمی کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێو غەززەن.
رۆژی چوارشەممە، 8-11-2023، کۆشکی سپی رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا کۆگایەکی چەک و تەقەمەنییان لە سووریا کردووەتە ئامانج کە سەر بە ئێران بوو. هەروەها، هێزە ئەمریکییەکان لە 26-10-2023 دوو بنکەیان کردە ئامانج کە لەلایەن رێکخراوەکانی سەر بە ئێرانەوە بەکاردەهاتن.
بەشێک لەو هێرشانە لە هەرێمی کوردستانیش بوون، شەوی پێنجشەممە، 9-11-2023، گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکەی فڕۆکەخانەی هەریر راگەیاند و ڤیدیۆیەکی 25 چرکەیی هێرشەکەشی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "موجاهیدانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بنکەی داگیرکاری ئەمریکی لە هەریری باکووری عێراق بە دوو درۆن کردە ئامانج و راستەوخۆ ئامانجەکەیان پێکا."
"مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کە گرووپێکی چەکداری سەرکردە و پێگە نادیارە، بەرپرسیارێتی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، لە رۆژئاوا و باشووری کوردستانی لە دوای شەڕی غەززە گرتووەتە ئەستۆ.
رۆژی پێنجشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە 46 جار لە عێراق و سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان و بەهۆیانەوە لانیکەم 56 سەرباز و کارمەندیان "بە سووکی" بریندار بوون.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکی، نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق و 900 سەربازیش لە سووریا وەک هەوڵێک لە رێگرییکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش، جێگیرکراون.