میدیای ئیسرائیل: لە هێرشێکی حیزبوڵڵادا بۆ سەر شاری حەیفا 67 کەس برینداربوون

دوێنێ کاژێر 09:29
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میدیای ئیسرائیل دەڵێت، حیزبوڵڵا بە درۆن هێرشی کردە سەر شاری حەیفا، بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل نەیتوانی بەرپەرچی بداتەوە و 67 کەس برینداربوون. دۆخی 9 لە بریندارەکان جێگیر نییە. رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "سێ کەس کوژراون."

شەوی یەکشەممە، 13-10-2024، میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، حیزبوڵڵا بە درۆن هێرشێ کردە سەر ناوچەی بنیامینا لە شاری حەیفا. زەنگی ئاگادارکردنەوە پێش هێرشەکە لێنەدرا و بەرگریی ئاسمانیش فریای بەرپەرچدانەوەی درۆنەکە نەکەوت. لە ئەنجامدا 67 کەس بریندار بوون.
 
دوای هێرشەکە حیزبوڵڵا بڵاویکردەوە، بە "ژمارەیەک درۆنی کامیکازی" هێرشیان کردووەتە سەر پێگەیەکی راهێنانی سوپای ئیسرائیل، لە باشووری حەیفا کە بە (کەتیبەکانی گۆلان) ناسراوە. بزووتنەوە لوبنانییەکە رایگەیاند: "هێرشەکە وەڵامێک بوو بۆ هێرشەکانی رۆژی پێنجشەممەی رژێمی زایۆنی بۆ سەر گەڕەکەکانی بەستە و نوەیری لە نێوەڕاستی بەیرووت."

 

 
 
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی نێوەڕاستی بەیرووتی کرد و لانیکەم 22 کەسی کوشت.
 
حیزبوڵڵا هەروەها رایگەیاند: "هێرشەکە وەک پاڵپشتییەک لە گەلی فەلەستین، کەرتی غەززە و بەرگریی بەشەرەفیان، هەروەها وەک بەرگرییەک لە گەلی لوبنان کرا."
 
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، برینی نۆ لە بریندارەکان سەختە و سوپای ئیسرائیل لێکۆڵینەوەی لە شکستی بەرپەرچدانەوەی درۆنەکان دەستپێکردووە.
 

 

 
رادیۆی سوپای ئیسرائیل لە دوای هێرشەکە رایگەیاند: "سێ کەس کوژراون." تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لە سوپای ئیسرائیلەوە نەهاتووە. 
 
ناوچەی بنیامینا دەکەوێتە نێوان شاری حەیفا و تەلئەڤیڤ. نزیکەی 16 هەزار لەس لەو ناوچەیە دەژین و نزیکەی 70 کیلۆمەتر لە سنووری باشووری لوبنانەوە دوورە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە