سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بۆ نەتەنیاهوو: هێرشی سەر هێزی ئاشتیپارێزی UN قبووڵنەکراوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بە هاوتا ئیسرائیلییەکەی دەڵێت، هێرشکردنە سەر هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان قبووڵنەکراوە. هێزەکەش دەڵێن، ئیسرائیل بە ئەنقەست هێرشی کردووەتە سەریان. 
 
رۆژی یەکشەممە، 13-10-2024، نووسینگەی جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بڵاویکردەوە: "لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل؛ جەختی لەوەکردەوە کە قبووڵنەکراوە هێزەکانی ئیسرائیل هێرشبکەنە سەر هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان."
 
لانیکەم پێنج سەربازی هێزەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان برینداربوون. لەلایەکی دیکە، هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە UNIFIL بڵاویانکردەوە کە ئیسرائیل "خۆویستانە و بە ئەنقەست" هێرشی کردووەتە سەریان. نزیکەی 1000 سەربازی ئیتاڵی لەو هێزەی باشووری لوبناندان.
 
بەگوێرەی نووسینگەی خانمە سەرۆکوەزیرانەکە، میلۆنی بە نەتەنیاهووی گوتووە، دەبێت ئەو هێزە هەمیشە گەرەنتیی سەلامەتییان بکرێت و "بەزووترین کات کار بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بکرێت." میلۆنی هەروەها "ئامادەیی تەواو"ـی ئیتاڵیای بۆ کارکردن بە ئاراستەی کەمکردنەوەی تەنگژەکان دەربڕیوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، نەتەنیاهوو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد: "هێزەکانی یونیفیڵ لە ناوچە مەترسیدارەکان دووربخەوە، چونکە حیزبوڵڵا ئەوان وەکو قەڵخانی مرۆیی بەکاردەهێنێت."
 
هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیفیڵ) کە لە ساڵی 2006ـەوە بەدرێژایی سنوور جێگیرکراون، ئێستا خۆی لە دۆخێکی خراپدا دەبینێتەوە. لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، لانیکەم 5 سەربازی ئەو هێزە بەهۆی تەقە و گولـلەتانکی ئیسرائیلەوە بریندار بوون. بارەگای سەرەکیی هێزەکە لە ناوچەی ناقوورە لە باشووری لوبنان. 
 
پێشتر سوپای ئیسرائیل داوای لە یونیفیڵ کردبوو، پێگەکانی چۆڵبکات و 5 کیلۆمەتر بکشێتەوە دواوە، بەڵام هێزەکە داواکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، شوینەکەیان چۆڵ ناکەن. 
 
40 وڵات سەرکۆنەی داواکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیان کردووە. دوێنێ یونیفیڵ راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "شەوی رابردوو سەربازێکی ئاشتیپارێز لە بارەگەی یونیفیڵ بەهۆی جموجووڵی سەربازیی بەردەوام لە نزیک شوێنەکە، گوللەیەکی بەرکەوت. هێشتا نازانین گوللەکە لە کوێوە هاتووە."
 
رۆژی هەینی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکان کردووە، دانیشی بەوە دانا، رۆژی پێنجشەممە گوللە تانکێکیان بەر تاوەرێکی بارەگەی یونیفیڵ کەوتووە لە ناقوورە کە بووە هۆی برینداربوونی دوو سەرباز.
 
ئەندریا تێنێنتی، گوتەبێژی یونیفیڵ رایگەیاند: "ململانێی ئێستای نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل تەنیا ململانێی نێوان دوو وڵات نییە. ئەمە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا دەگۆڕێت بۆ ململانێیەکی هەرێمی و، کاریگەریی کارەساتباری بۆ هەموو کەسێک دەبێت."