تەندروستیی غەززە دەڵێت 42 هەزار و 227 کەس لەو کەرتە کوژراون


رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، 42 هەزار و 227 کەس لە ماوەی یەک ساڵ و چەند رۆژێکی جەنگدا کوژراون.

رۆژی یەکشەممە، 13-10-2024، تەندروستیی غەززە بڵاویکردەوە، لە 07-10-2023ـەوە تاوەکو ئێستا 42 هەزار و 227 کەس لە غەززە کوژراون و 98 هەزار و 646 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
تەندروستیی غەززە ئەوەشی ئاشکراکرد، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، 52 کەس کوژراون و 128 کەسی دیکە برینداربوون.
 
هەروەها، تەندروستیی غەززە کە لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت رایگەیاند، "چەندین" تەرم لەسەر شەقامەکان و ژێر داروپەردووەکاندا کەوتوون، ئەمبووڵانسەکان ناتوانن فریای هەموویان بکەون. لەلایەکی دیکەش، نەخۆشخانەی (کەمال عەدوان) بڕێکی زۆر کەمی سووتەمەنی پێدەدرێت.
 
دوای کەمێک لەو راگەیێندراوە، میدیای فەلەستینی بڵاویکردەوە: "لە ناوچەی شاتی لە باکووری غەززە، پێنج منداڵ لە نزیک کافتریایەک یارییان دەکرد. درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی ناوچەکە کرا و هەر پێنج منداڵی کوشت."
 
بەگوێرەی رێکخراوی منداڵپارێزی، لە ئۆکتۆبەری رابردووەوە ئیسرائیل لانیکەم 16 هەزار منداڵی کوشتووە.
 
جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئۆردووگە جوونشینەکانی ئیسرائیل دەستیپێکرد. ئەوکات ئیسرائیل رایگەیاند، لانیکەم 1200 کەس لە هێرشەکەدا کوژران.