تانکەکانی ئیسرائیل لە باکووری غەززەن و لە 9 رۆژدا 300 کەس کوژراون

دوێنێ کاژێر 07:14
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل هێرشە زەوینییەکانیان بۆسەر باکووری غەززە فراوانکردووە و سێ شارۆچکەیان لە کەرتەکە دابڕیوە. نووسینگەی میدیایی غەززە دەڵێت، لە 9 رۆژدا 300 کەس لە باکووری کەرتەکە کوژراون.
 
تانکەکانی سوپای ئیسرائیل تاوەکو دێت زیاتر دەچنە نێو باکووری کەرتی غەززە. بەگوتەی چەند دانیشتوویەکی ئەوێ، ئیسرائیل هەریەک لە بەیت حانوون، جەبالیا و بەیت لاهیای لە کەرتی غەززە دابڕیوە و ناهێڵێت هیچ کەسێک دەستی پێبگات. 
 
9 رۆژە ئیسرائیل خەریکی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەیە لە باکووری غەززە. نووسینگەی میدیایی کەرتەکە کە حەماس بەڕێوەی دەبات رایگەیاند، هێرش و پێشڕەوییەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 300 فەلەستینی. هەروەها، "بۆردوومانە ئاسمانییەکان بۆ سەر خەڵکی سڤیل و کەمپی ئاوارەکان بۆ ئەوەیە خەڵک ئەو کەرتە بەجێبهێڵن و هەرگیز نەگەڕێنەوە."
 
ئێستا هەڵمەتێکی سۆشیاڵ میدیا لەلایەن چەند دانیشتوویەکی کەمپی جەبالیا، ئەوانەی دەستیان بە ئینتەرنێت دەگات، دەستیپێکردووە و دەنووسن: "بەجێناهێڵین، دەمرین بەڵام بەجێنا‌هێڵین."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان لە 24 کاژێری رابردوودا هێرشیان کردووەتە سەر 40 "ئامانج و پێگەی تیرۆریستی و چەندین تیرۆریستییان کوشت." 
 
باکووری غەززە نیشتمانی نزیکەی نیوەی دانیشتووانی کەرتەکەیە ئەمەش واتا سەرووی ملیۆنێک و 150 هەزار کەس. یەکەم قۆناخی جەنگی غەززە کە لە 07ـی ئۆکتۆبەر دەستیپێکرد، باکووری گرتەوە. 
 
هەفتەیەک لەمەوبەر ئیسرائیل رایگەیاند، چەکدارانی حەماس دووبارە چوونەتەوە باکووری غەززە و خەریکە لەوێ یەکدەگرنەوە. حەماسیش رەتیکردەوە ئەوان خۆیان لەنێو سڤیلەکان حەشار دابێت.
 
هەرچەندە ئێستا سەرنجی سوپاکە لەسەر باکوورە، بەڵام تەندروستیی ئەو کەرتە باس لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی دیکەی غەززەش دەکات: "لە هێرشێکی بەیانیی یەکشەممە 12ـی تشرینی یەکەم، 11 کەس شەهید بوون."
 
ئێستا ساڵێک و چەند رۆژێک بەسەر ئەو جەنگە تێپەڕیوە. تەندروستیی غەززە دەڵێت، 42 هەزار کەس کوژراون و لانیکەم 10 هەزار کەس هێشتا لەژێر داروپەردووەکاندان یانیش بێسەروشوێنن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە