وەزیری دەرەوەی ئێران: ئەگەری کردنەوەی بەرەیەکی دیکەی شەڕ لە دژی ئیسرائیل هەیە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەیروت لەگەڵ ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان کۆبوویەوە و رایگەیاند: "ئەگەر گەمارۆی سەر غەززە و بۆردوومانکردنی خەڵکی ناوچەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەردەوام بێت، ئەگەری کردنەوەی بەرەیەکی دیکەی شەر دژ بە ئیسرائیل لەلایەن هێزەکانی بەرەی خۆڕاگرییەوە هەیە."
 
ئەمرۆ هەینی، 13-10-2023، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ لوبنان لە بەیروت لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان کۆبووەوە.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، لە کۆبوونەوەکەدا مەهدی شوشتەری، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران و موجتەبا ئەمانی، باڵیۆزی ئێران لە بەیروتیش ئامادە بوون، دۆخی ناوچەکە بە گشتی و دۆخی فەلەستین بە تایبەتی، پێشهاتەکانی دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە خرایە بەر باس و گفتوگۆی لەسەر کرا.
 
حیزبۆڵڵای لوبنان لەبارەی کۆبوونەوەکەوە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "حەسەن نەسروڵڵا و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەو کۆبوونەوەیەدا سەبارەت بەو ئەرکانەی کە بۆ هەمووان دانراون و ئەو هەڵوێستانەی کە پێویستە سەبارەت بەم رووداوە مێژووییانە و پێشهاتە مەترسیدارەکان بگیرێنەبەر، راوێژیان کرد."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەم کۆبوونەوەیەدا رووداو و پێشهاتەکانی ئەمدواییەی ناوچەکە بەتایبەتی دوای ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا، هێرشی بەردەوامی رژێمی زایۆنی بۆ سەر غەززە، تاوانە بەربەرییەکانی بەرامبەر بە تەواوی خەڵکی غەززە و دۆخی مزگەوتی ئەقسا و کەناری رۆژئاوا تاوتوێکران. لەم دیدارەدا هەروەها هەلومەرجی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و دەرئەنجامە ئەگەرەییەکانی شەڕەکەش هەڵسەنگێندرا."
 
بەپێی راگەیێندراوی حیزبۆڵڵای لوبنان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەگەری فراوانبوونی شەڕەکەی کردووە و رایگەیاندووە، "هێزەکانی بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە بۆ کردنەوەی بەرەیەکی دیکەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل مۆڵەت لە تاران وەرناگرن."
 
شەوی پێنجشەممە، 12-10-2023ش، وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەیرووتی پایتەختی لوبنانەوە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلی کرد و رایگەیاند: "لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ لە دژی فەلەستینییەکان هەموو ئەگەرەکان لە ناوچەکەدا کراوەن."
 
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان گوتی: "بەرپرسانی هەندێک وڵات پەیوەندیمان پێوەدەکەن و لەبارەی کردنەوەی بەرەی دیکەی جەنگ دژی ئیسرائیل پرسیار دەکەن، وەڵامی ئێمە ئەوەیە کە هەموو ئەگەرێک لە داهاتوودا پەیوەستە بە هەنگاوەکانی رژێمی زایۆنی بەرامبەر غەززە."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها لەگەڵ نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر و عەبدوڵڵا بووحەبیب، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش کۆبووەوە. دۆخی فەلەستین دوای ‌هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و پێشهاتەکانی دوای ئەو هێرشە گرنگترین مژاری کۆبوونەوەکان بوون.
 
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ئاماژە بە هێرشی ئەمدواییەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، "فەلەستینی دوای تۆفانی ئەقسا لە فەلەستینی پێشوو جیاوازە، بەرەی خۆڕاگری فەلەستین بەهێزە و خاوەنی توانایەکی باڵایە و ئەگەر ئیسرائیل لە تاوانەکانی بەردەوام بێت، فەلەستینییەکان تواناکانی دیکەیان بەکار دەهێنن."
 
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان رەخنەی لە ئەمریکا گرت کە داوای دانبەخۆداگرتن لە هەندێک لایەن دەکات، بەڵام دەستی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر فەلەستینییەکان ئاواڵە دەکات و هۆشداری دا، "ئەگەر تاوانەکانی ئیسرائیل کۆنترۆڵ نەکرێن، دیار نییە چ روودەدات."
 
بە گوتەی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، "ئەگەر ئەمریکا دەیەوێت شەر لە ناوچەکە پەرەنەسێنێت، دەبێ کۆنترۆڵی ئیسرائیل بکات."
 
رۆژی پێنجشەممە، 12-10-2023، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چوارچێوەی گەشتێکی هەرێمیدا بە مەبەستی تاوتوێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل سەردانی عێراقی کرد و لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
 
بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی غەززە کرد.