بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە 2837 کەس کوژراون

13-10-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن ئیسرائیل حەماس فەلەستین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل دوایین ئامارەکانی قوربانییانی شەڕی بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلی بڵاوکردەوە و بەپێی  ئامارەکان نزیکەی 2900 کەس لە هەردوولا کوژراون و نزیکەی 10 هەزار کەسیش برینداربوون، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین داوا دەکات پسپۆڕانی تەندروستی بە خۆبەخش لە نەخۆشخانەکان کار بکەن. 
 
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، تاوەکو ئەمڕۆ هەزار و 537 فەلەستینی کوژراون لەنێویاندا 500 منداڵ و 276 ئافرەت هەن، هەروەها شەش هەزار و 612 برینداریش هەن، کە هەزار و 644ـیان منداڵ و هەزار و پێنج کەسیشیان ئافرەتن.
 
بەیانیی رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند. دواتر سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو؛ تاوەکو ئێستاش پێکدادانەکان بەردەوامن.
 
وەزارەتەکە لەگەڵ ئەوەدا داوایکردووە هەر کەسێک پسپۆڕی بوارە تەندروستییەکانە وەکو خۆبەخش پەیوەندییان پێوەبکەن بۆ ئەوەی هاوکاریی تیمە پزیشکییەکان بکەن، دەشڵێت، "نەخۆشخانەکان ناتوانن بریندار وەربگرن و توانای دەرمان و سووتەمەنی لەدەستدەدە و لە داهاتووشدا خراپتر دەبن." هاوکات داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات "بەزووترین دەرمان بگەیەننە نەخۆشخانەکان."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، ئیسرائیلیش ئەمڕۆ هەینی دوایین ئامارەکانی تایبەت بەشەڕی بڵاوکردووەتەوە، بەپێی ئامارەکە، هەزار و 300 کەس کوژراون و سێ هەزار و 300 برینداریشی هەیە.
 
بەوپێیە، ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕەکە لە هەردوولا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە دوو هەزار و 837 کەسن،  نۆ هەزار و 912 کەسی دیکەش بریندارن.
 
رۆژی هەینی 13ـی تشرینی یەکەمی 2023، نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند ژمارەی ئەوانەی لە کەرتی ‌غەززە ئاوارەبوون گەیشتووەتە 432 هەزار و 378 کەس.
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە