حەماس: بە پەرۆشەوە چاوەڕێی هێرشی زەمینیی ئیسرائیلین

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل گرتەیەکی ڤیدیۆیی سوپاکەیانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، کاتی رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی حەماسە.  بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، ئەوەی لەو گرتە ڤیدیۆییەدا دەردەکەوێت بەشێکی کەمی توانای سوپاکەیانە. بزووتنەوەی حەماسیش دەڵێت، چاوەڕێی هێرشەکەی ئیسرائیلن.  
 
حەماس بە بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە، وەک خۆی دەڵێت بەرپەرچی پروپاگەندەی ئیسرائیل دەداتەوە و دەڵێت، بە پەرۆشەوە چاوەڕێی هێرشەکەن.
 
سوپاسالاری ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، شتێک دەکەن ئەم غەززەیەی کە هەیە هەرگیز وەک خۆی لێ نەیەتەوە.
 
هێرزی هالێڤی، سوپاسالاری ئیسرائیلە و دەڵێت، "غەززە هەرگیز ناگەڕێتەوە بارودۆخی پێش هێرشە دڕندە قێزەونەکەی 7ی مانگ، سەرکردەکانی غەززە لەنێو دەبرێن، هێرشێکی کوشندە بۆ سەر دوژمنانمان دەکەین و پابەندین بە گەیشتن بەو ئامانجە."
 
ئاماژەکانی کاژێر سفر بۆ دەستپێکردنی هێرشی زەمینی ئیسرائیل وا دەردەکەون.
 
سوپای ئیسرائیل هۆشداری دەداتە دانیشتووانی باکووری غەززە و دەڵێت، "بۆ پاراستنی ژیانتان، داوا لە ملیۆنێك و 100 هەزار دانیشتووی غەززە دەکەین ناوچەکانی باکووری کەرتەکە چۆڵ بکەن و بەرەو باشوور بڕۆن."
 
دووریش نییە سوپای ئیسرائیل لە باکوورەوە هێرش بکاتە سەر غەززە، چونکە ئەگەری هەیە ئامادەکارییەکانی حەماس زیاتر لە بەرەی رۆژهەڵاتی کەرتەکەوە کرابن.
 
هاوکات، لە رۆژی 15ی ئەم مانگەوە دەست بە چۆڵکردنی ئۆردوگای جوونشینی سدیرۆت دەکەن کە دەکەوێتە باکووری غەززە؛
ئەوە جگە لە هەڕەشەکانی بەرەی باکووری ئیسرائیل هاوسنووری باشووری لوبنان.
 
لە دەستپێکی شەڕەکەوە چەند چەکدارێكی حیزبوڵڵای لوبنان و جیهادی ئیسلامی کەوتوونەتە نێو رووبەڕووبوونەوەیەکی سنووردارەوە لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل و کوژراو و بریندار لە هەردوولادا هەن. 
 
سوپای ئیسرائیل هێزەکانی لە نزیک سنووری لوبنان چڕکردووە و سەرۆکوەزیرانی کاتیی لوبنانیش هۆشداری دەداتە هێزە لوبنانییەکان.
 
 
نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی کاتیی لوبنان دەڵێت، "لوبنان لە چەقی گەردەلوولەکەیە و ئەوەی کە لەسەر سنووری باشووری وڵاتمان روودەدات بە تووندی نیگەرانمان دەکات، داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی لوبنان دەکەم نەکەونە نێو پلانەکانی ئیسرائیلەوە."
 
هاوکات، لەگەڵ گەیشتنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە چەک و راوێژکارانەکانی، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە گەشتێکی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستپێکردووە و سەرەتا سەردانی ئیسرائیلی کرد.
 
لە دوای هەفتەیەک لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بۆردوومان و مووشەکبارانیی غەززە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 4 هەزار تۆن بۆمب و تەقەمەنی بەسەر کەرتەکەدا خراونەتە خوارەوە.