لە شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا هاووڵاتییانی 23 وڵات بوونەتە قوربانی

13-10-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
بەهۆی شەڕەوە هاووڵاتییە بیانییەکان ئیسرائیل جێدەهێڵن
بەهۆی شەڕەوە هاووڵاتییە بیانییەکان ئیسرائیل جێدەهێڵن
نیشانەکردن ئیسرائیل حەماس فەلەستین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و حەماس، بە هەزاران بیانی ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتووە و گەڕاونەتەوە وڵاتەکانی خۆیان،  دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلیش دەڵێن، تاوەکو ئێستا هاووڵاتییانی 23 وڵات لەو وڵاتە کوژراون یان بێسەروشوێن یان بە دیلگیراون.
 
نیل گۆلان، هاووڵاتییەکی پۆرتوگالە و لە ئیسرائیلەوە گەڕاوەتەوە وڵاتەکەی خۆی و دەڵێت، "بەڵێ، ئاسودەم، بەڵام لەهەمان کاتیشدا هەست بە ئازار دەکەم چونکە بەشێک لە ماڵباتمان هەر لەوێن، ئێمە لە پۆرتوگال دەژین و ماوەیەک لەمەوبەر  بۆ سەردانی کەسوکارمان چووینە ئیسرائیل." 
 
ساکا لە ئیسرائیلەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئەمریکا و گوتی، "بەسەر شەقامەکاندا دەڕۆیشتیت و گوێت لە زەنگی ئاگادارکردنەوە و تەقینەوە و مووشەک دەبوو. خەڵکێکی زۆر دەترسان و فرۆکەخانەکان پڕبوون لە خەڵک و دەیانویست بەزووترین کات ئیسرائیل جێبهێڵن". 
 
بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلی، تاوەکو ئێستا هاووڵاتیانی 23 وڵات لەو وڵاتە کوژراون یان بێسەروشوێن یان بە دیلگیراون. ئەمریکا کوژرانی 22 هاووڵاتی و بێسەروشوێنبوونی 17 هاووڵاتی دیکەی راگەیاندووە.
 
فەرەنساش رایگەیاندووە 11 هاووڵاتی کوژراون و 18ش بێسەروشوێنن. هاوکات بەریتانیا دەڵێت، 17 هاووڵاتی کوژراون یان بێسەروشوێن. تایلاند دەڵێت 20 هاووڵاتی کوژراوە و 14ـی دیکەشی بە بارمتە گیراون. هەرچی ئەرجەنتینە، کوژرانی 7 هاووڵاتی و بێسەروشوێن بوونی 15ـی دیکەی راگەیاندووە. 
 
بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلی، زۆربەی ئەو بیانیانەی بوونەتە قوربانی یان بە دیل گیراون، لە بەشداربووانی فێستیڤاڵی میوزیکی ئاشتی بوون لە باشووری ئیسرائیل، لەوکاتەی چەکدارانی حەماس هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی فێستیڤاڵەکە.
 
واگنەر گویدۆ، هاووڵاتییەکی بەرازیلییە، باسی ساتی هێرشەکە حەماس دەکات بۆ سەر ئیسرائیل، "دووچاری کاتێکی زەحمەت بووینەوە و سوپاس بۆ خودا ئێمە گەیشتینەوە وڵاتە خۆشەویستەکەی خۆمان." 
 
بەجێهێشتنی ئیسرائیل لەلایەن بیانییەکانەوە، لە دوای ئەوە دێت کە رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی یەکەم، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر غەززە رانەگرێت، ئەوان لەگەڵ هەر مووشەکێکدا بارمتەیەک دەکوژن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە