شین و گریانی کەسوکاری قوربانییانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل

13-10-2023
نیاز مستەفا
 شەڕی حەماس و ئیسرائیل
شەڕی حەماس و ئیسرائیل
نیشانەکردن حەماس و ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نزیکەی هەفتەیەکە شەڕ لەنێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و رۆژانە خێزانەکان شیوەن بۆ رۆڵە و کەسوکارییان دەکەن، شەڕەکەش تادێت سەختر دەبێت و گریانی ئەوانیش کۆتایی نایەت. 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، حەماس بە 'داعش' ناودەبات و دەڵێت، "حەماس، داعشە و وەکو داعشیش تێکشکێنراوە، لەبەرئەوە حەماسیش تێکدەشکێندرێت و حەماس پێویستە بە هەمان شێوەی داعش مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. پێویستە لە کۆمەڵەی نەتەوەکان تفیان لێبکرێت. نابێت هیچ سەرکردەیەک بیانبینێت. نابێت هیچ وڵاتێک بیانگرێتە خۆ و پێویستە ئەوانەی ئەوەش دەکەن سزابدرێن." 
 
لە بەرامبەر گوتەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، خالید مەشعەل، سەرۆکی پێشووی بزووتنەوەی حەماس، داوا لە هاووڵاتیانی دراوسێی فەلەستین دەکات بەشداری شەڕی دژی ئیسرائیل بکەن و داواش لە وڵاتانی ئیسلامی دەکات رۆژی هەینی دژی هێرشەکانی ئیسرائیل خۆپێشاندان بکەن. 
 
ئیسرائیل بڕیاریداوە رێگەکانی گەیاندنی هەموو هاوکارییە مرۆییەکان لەسەر غەززە دابخات، تەندروستی کەرتی غەززەش هۆشداری لەبارەی نەمانی دەرمان و سووتەمەنی بۆ نەخۆشخانەکان دەدات. وڵاتانی جیهانیش هەوڵەکانیان بۆ راگرتنی شەڕەکە چرکردووەتەوە.  
 
ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا، لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکان و هەوڵەکان بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی فەلەستین و ئیسرائیل دەڵێت، "من لە پەیوەندیدام لەگەڵ سیسی سەرۆکی میسر کە رێگەی پەیوەندی هەیە لەگەڵ غەززە. دواتر ئەمڕۆ، قسە لەگەڵ ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا دەکەم. هەروەها دەگەمە لای میری قەتەر کە وڵاتەکەی رۆڵی نێوەندگیری هەیە و ئەم رۆژانە بەکاری دەهێنێت. ئەو سێیانە دەتوانن رۆڵێکی گرنگیان لە نێوەندگیری و دامرکاندنەوەی دۆخی ئێستا هەبێت."
 
بە گوێرەی نوێترین ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە شەش رۆژی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلدا نزیکەی 340 هەزار کەس لە کەرتی غەززە ئاوارەبوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە