ژمارەی کوژراوانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ 3300 کەس بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە حەوت رۆژی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسدا لە هەردوولا نزیکەی سێ هەزار و 200 کەس کوژراون و نزیکەی 11 هەزار کەسیش برینداربوون.
رۆژی هەینی، 13-10-2023، تەندروستیی غەززە لە کەرتی غەززەی فەلەستین بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانی ئیسرائیل لانیکەم هەزار و 900 کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین کوژراون و حەوت هەزار و 696 کەسی دیکەش برینداربوون.
بە گوێرەی تەندروستیی غەززە، 614 کەس لە کوژراوەکان منداڵ و 370 کەسی دیکەشیان ژنن.
بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکانی ئیسرائیلیش، لە ئەنجامی هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس و مووشەکەکانی بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ئیسرائیل، نزیکەی هەزار و 300 کەس لەو وڵاتە کوژراون و نزیکەی سێ هەزار و 227 کەسی دیکەش برینداربوون.
بە گوێرەی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکانیش، لە دەستپێکی شەڕەکەوە نزیکەی 430 هەزار کەس لە کەرتی غەزە ئاوارەبوون.
هەر ئەمڕۆ هەینی، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا داوای دانیشتووانی باکووری غەززە بەشێوەیەکی گشتی کرد ناوچەکەیان جێبهێڵن، چونکە ئیسرائیل پێی وایە زۆرترین بنکە و بارەگا و چەکداری حەماسی لێیە.
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا" ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند و گوتی، لە ماوەی 20 خولەکی هێرشەکەدا نزیکەی پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ئەو وڵاتە کردووە.
دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو. تاوەکو ئێستاش شەڕەکە بەردەوامە.
رۆژی 9-10-2023 جۆناسان کۆنریکس، گوتەبێژی هێزی بەرگریی ئیسرائیل گوتی، "ئەرکی ئێمە ئەوەیە دڵنیا بین لە کۆتایی ئەم جەنگەدا، حەماس هێندە لاواز دەبێت، کە چی دیکە توانای ئەوەی نابێت، ببێتە هەڕەشە لەسەر هاووڵاتییانی سڤیل. هەروەها دەمانەوێت دڵنیایی بدەین لەوەی حەماس چی دیکە کاروباری کەرتی غەززە بەڕێوە نابات".