وەزیری بەرگریی ئەمریکا: لەدوای هۆڵۆکۆستەوە هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل خوێناویترین رۆژی مێژووی جووەکانە

13-10-2023
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئەمریکا هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل بە خوێناویترین رۆژ لە مێژووی جووەکان دادەنێت و دەڵێت، "ویلایەتە یەکگرتووەکان دڵنیایی دەدات کە ئیسرائیل ئەوەی پێویستیەتی بۆ بەرگری لەخۆکردن هەیەتی و مافی بەرگریکردن لە هاووڵاتییانی خۆیشی هەیە."
 
رۆژی هەینی 13-10-2023، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا گەیشتە ئیسرائیل و لەگەڵ یۆڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گفتوگۆیان لەسەر شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل کرد و وەزیری بەرگریی ئەمریکا پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە.
 
وەزیری بەرگریی ئەمریکا سەرکۆنەی حەماسی کرد و رایگەیاند، "هەرگیز هیچ پاساوێک بۆ تیرۆر نییە. هەر کەسێک ئاشتی و ئاسایشی بۆ ئەم ناوچەیە دەوێت پێویستە حەماس سەرکۆنە بکات." گوتیشی، ئەوەی روویدا "خوێناویترین هێرشی سەر هاووڵاتییانی سڤیلە لە مێژووی دەوڵەتی ئیسرائیل و خوێناویترین رۆژە لە مێژووی جوودا لەدوای هۆڵۆکۆستەوە."
 
لەبارەی پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، لۆید ئۆستن گوتی، "ویلایەتە یەکگرتووەکان دڵنیایی دەدات کە ئیسرائیل ئەوەی هەیە کە پێویستییەتی بۆ بەرگری لەخۆکردن. حکومەتی ئیسرائیل مافی بەرگریکردن لە هاووڵاتییانی خۆی هەیە."
 
لەبارەی بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی سڤیل لە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی، حەماس "بە ئەنقەست هاووڵاتییانی سڤیل بە ئامانج دەگرێت. هەرگیز ئیسرائیل بە مەبەست هاووڵاتیانی سڤیل ناکاتە ئامانج. لەبەر ئەوە ئێمە داوا لە هەموو هاووڵاتییانی سڤیلی شاری غەززە دەکەین بچنە باشووری غەززە و هۆکاری ئەوەش ئەوەیە کە نامانەوێت ئازاریان بدەین."
 
وەزیری بەرگریی ئەمریکا رەخنەی لە سیاسەتی ئێران گرت و گوتی، "ئێران شارەزایی و ئەزموونی مەیدانیی جەنگ لە ئۆکراینا وەردەگرێت و بۆ بەکرێگیراوە مەترسیدارەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگوازێتەوە."
 
لۆید ئۆستن گوتیشی، "ئێران، حیزبوڵڵا و حەماس لەسەر هەمان هێڵن کە هێڵی خراپەکارییە. بەگشتی هەموو شتێک لە ئێرانەوە ئاراستە دەکرێت. رێگەپێدانەکە لەلایەن ئێرانەوە دەدرێت، پارەکە لەلایەن ئێرانەوە دابین دەکرێت و بیرۆکەکانیش لە ئێرانەوە ئامادە کراون."
 
بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند و گوتی، لە ماوەی 20 خولەکی هێرشەکەدا نزیکەی 5000 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
 
دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هەردوو بەرەی ئیسرائیل و فەلەستین، لە رۆژی شەممە 07-10-2023ـەوە زیاتر لە دوو هەزار و 900 کەس کوژراون و نزیکەی 10 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی فوئاد حوسێن و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس

وەزیری دەرەوەى عێراق: داعش داڕمانی سوپای سووریا و کشانەوەی هەسەدەی قۆستووەتەوە

وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەنتۆنى گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتوووکان بە تەلەفۆن دۆخى سووریا تاوتوێ دەکەن، بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوە، گوتێرێس نیگەران بووە لە ئەگەرى دروستبوونى ئاڵۆزى لەنێوان یەپەگە و هەندێک رێکخراو و گرووپە چەکدارەکانى دیکە لەو وڵاتەدا.