عومان پێشوازی لە رێککەوتنی ئاشتیی نێوان بەحرەین و ئیسرائیل دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سوڵتاننشینی عومان رایگەیاند، پێشوازی لە رێککەوتنی ئاشتیی نێوان شانشینی بەحرەین و ئیسرائیل دەکەن
.
لە راگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی فەرمیی هەواڵەکانی عومان بڵاویکردەوە، سوڵتاننشینی عومان ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/09/13 رایگەیاند، "عومان پێشوازی لە دەستپێشخەریی شانشینی بەحرەینی دۆست دەکات لە چوارچێوەی مافە سەروەرییەکانی و راگەیاندنی هاوبەشی لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل".
 
لە راگەیێندراوەکەی عوماندا هاتووە، "هیوادارین ئەو ئاراستە ستراتیژییە نوێیە کە چەند وڵاتێکی عەرەبی هەڵیانبژارد رێڕەوێکی کرداری بێت و لە قازانجی بەدیهاتنی ئاشتیدا بێت لەسەر بنەمای کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی خاکی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە".
 
هاوکات سوڵتاننشینی عومان ئاماژەی بەوە داوە، هیوادارن دەوڵەتی فەلەستین دروستببێت کە قودسی رۆژهەڵات پایتەختی بێت، ئەوەش گوزارشت لە چارەی دوو دەوڵەت دەکات، وەک ئەوەی لە پەیماننامە و بڕیارەکانی وڵاتانی عەرەبی و نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە.
 
ئەو هەڵوێستەی سوڵتاننشینی عومان لە کاتێکدایە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکی رابردوودا ئیمارات و بەحرەین ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل راگەیاند و بڕیارە لە 15ـی ئەیلولی 2020ـدا هەردوو وڵاتەکە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ بکەن.
 
بەو هەنگاوەش ئیمارات و بەحرەین دەچنە پاڵ میسر و ئوردن کە رێککەوتنی ئاشتییان لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ کردووە.