بلینکن سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە رۆژی سێشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکاتەوە و دوایین هەوڵی ئیدارەی بایدن بۆ مسۆگەرکردنی ئاگربەستی غەززە تاقیبکاتەوە.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە گەشتی ئەمجارەیدا سەردانی هەریەک لە قەتەر، میسر  و ئیسرائیل دەکات.
 
ئەم سەردانەی بلینکن لەکاتێکدایە، ئەم هەفتەیە دەردەکەوێت ئاخۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر نوقمی شەڕ و ئاڵۆزی دەبێت، یاخود بۆ یەکەمجار لەدوای هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەر ئارامی بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە.
 
بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا، هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی بۆ سەر ئیسرائیل لە تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە و فوئاد شوکر نزیکە و بەرپرسانی ئیسرائیلیش رایانگەیاندووە، ئەم هەفتەیە رێککەوتن نەکرێت، هەرگیز ناکرێت.
 
هەینی رابردوو بلینکن و یۆواف گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلی ئاگادارکردەوە کە تەشەنەسەندنی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە و جەختیشی لە پێویستی ئاگربەست کردەوە.
 
هاوکات مسۆگەرکردنی ئاگربەستێک، پێگەی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەهێزتر دەکات.
 
ئێستا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەموو کاتێک زیاتر لە بەردەم جەنگێکی گەورە دایە، ئەم گرژیانەش زیاتر تەشەنەیان سەند دوای ئەوەی کۆتایی مانگی رابردوو ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە تاران فوئاد شوکر، سەرکردەیەکی ناسراوی حیزبوڵڵا لە بەیرووت کوژران.