تەندروستیی غەززە دەڵێت لە هێرشێکی ئیسرائیلدا 71 کەس کوژران و 289 کەسیش بریندارن

رووداو دیجیتاڵ 

ئیسرائیل کەمپێکی ئاوارەکانی لە باشووری غەززە بۆردوومانکرد. وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە دەڵێت، لانیکەم 71 کەس کوژراون و 289ی دیکە برینداربوون. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لەو هێرشەدا محەممەد زەیف، سەرکردەی کەتائیبی قەسامی باڵی چەکداریی حەماسی کردووەتە ئامانج. بزووتنەوە فەلەستینییەکە رەتیدەکاتەوە هیچ سەرکردەیەکی لەو کەمپە بووبێت. 
 
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا دەڵیت: "هێرشی کردوەتە سەر محەممەد زەیف و رافع سەلامە، فەرماندەی یەکینەی خان یوونسی حەماس" لە کەمپی مەواس. 
 
نووسینگەی راگەیاندنی کەرتی غەززەش بڵاویکردەوە: "داگیرکاریی ئیسرائیلی هەواڵی ساختە و درۆ بڵاودەکاتەوە بۆ ئەوەی سەرنجەکان لەسەر تاوانە تۆقێنەرەکەی کەمپی مەواسی لابدات و پاساو بۆ کۆمەڵکوژییەکەی بێنێتەوە."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلیش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ژووری ئۆپەراسیۆنەکان سەرقاڵی ئامادەکردنی وەڵامی ئیسرائیلە لەسەر هێرشەکەی سەر کەمپی مەواسی بۆ ئەوەی وەک بەرگریکردنێک لەو کارەی سوپاکەی، بە وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بدات. 
 
پێشتر سوپای ئیسرائیل داوای لە خەڵکی غەززە کردبوو ژمارەیەک ناوچە چۆڵبکەن و بچن بۆ ئەو ناوچانەی خۆی بۆیانی دیاریکردون. سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوەکەیدا نکۆڵی لەوە ناکات کە کەمپی مەواسی یەکێکە لەو شوێنانەی بە ناوچەی ئارام پۆلێنیکردبوو. 
 
هاوکات لەگەڵ هێرشەکەی سەر کەمپی مەواسی، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر کەمپی شاتی لە رۆژئاوای شاری غەززە و لەوێش، بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ناوچە فەلەستینییەکە، 15 کەس کوژران و 20 کەسی دیکەش برینداربوون.