حووسییەکان بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشدەکەنەوە سەر سعودییە

13-07-2020
لهۆن نەسرەدین
نیشانەکردن حووسییەکان سعودییە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەکدارە حووسییەکانی یەمەن بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیانکردە سەر چەند ناوچەیەک لە سعودیە، هاوپەیمانیی عەرەبیش دەڵێ هەموو هێرشەکان تێکشکێنراون.
 
هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودییە رایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە هێزی بەرگریی ئاسمانیی سعودییە 4 مووشەک و 6 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵگری بۆمبیان تێکشکاندووە، کە لەلایەن چەکدارە حووسییەکانەوە ئاراستە کرابوون بۆ ئاسمانی سعودییە.
 
لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بە شوێنی تەقاندنەوەی مووشەک و فڕۆکە درۆنەکان نەکراوە، بەڵام ئاماژە بەوەکراوە کە هێرشەکان لە شاری سەنعا، پایتەختی یەمەن کە لەژێر کۆنترۆڵی چەکدارە حووسییەکانە، ئەنجامدراوە.
 
یەحیا سەریع، گوتەبێژی هێزە چەکدارە حووسییەکان رایگەیاند، لە ماوەیەکی کورتدا زانیاریی ورد سەبارەت بە هێرشی هێزە چەکدارەکانیان بۆ سەر چەند پێگەیەکی نێوخاکی سعودییە رادەگەێنن.
 
هاوکات ئاژانسی میدیایی مەسیرە سەر بە حووسییەکان رایگەیاند: لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، سعودییە چەند هێرشێکی ئاسمانییان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی یەمەن، کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە حووسییەکانە، ئەنجامداوە.
 
لەدوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستی کاتیی نێوان حووسییەکان و سوپای یەمەن، کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیێنرابوو، لە کۆتایی مانگی ئایاردا، هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی سعودییە زیاتر بوون و لەکۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیشدا، حووسییەکان بە چەند مووشەکێك شاری ریازی پایتەختی سعودییەیان کردە ئامانج.
 
لە ساڵی 2014، حووسییەکان حکومەتی ئەوکاتەی یەمەنیان لە شاری سەنعا دەرکرد و حکومەتی تایبەت بە خۆیانیان راگەیاند، لە مانگی ئاداری ساڵی 2015دا سعودییە سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی عەرەبی کرد و شەڕی دژ بە حووسییەکان راگەیاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە