رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پەرلەمانی ئیسرائیل دەنگ لەسەر حکومەتی نوێی وڵات دەدات، حکومەتە نوێیەکەی ئیسرائیل 8 پارتی سیاسی تێدایە، یەکێک لەو پارتانە پارتێکی عەرەبیی ئیسلامییە، بەناوی لیستی عەرەبی یەکگرتوو، بەشداری ئەو لیستە عەرەبییە ئیسلامییە کاردانەوەی فەڵەستینییەکانی لێکەوتووەتەوە، بە گوتەی کونسوڵی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان ئەو لیستە نوێنەرایەتیی گەلی عەرەبی فەڵەستین ناکات و هیچ رۆڵێکیش نابێت لەو "داگیرکاریانەی" ئیسرائیل دەیکاتە سەر خاکی فەڵەستین.
نەزمی حزوری، کونسوڵی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان لەبارەی روانینیان لەسەر بەشداریی لیستی عەرەبی یەکگرتوو لە حکومەتی نوێی ئیسرائیل بە رووداوی گوت: "ئەو کاریگەرییەی داگیرکاریی ئیسرائیل بەجێیهێشتووە لە میانی ئەو هێرشە بەردەوامەی لە ماوەی 73 ساڵە دەیکاتە سەر گەلی فەڵەستین بەئاسانی ناسڕێتەوە، ئەو بەشدارییەش پێشکەوتنێک نییە لە پرۆسەی ئاشتی و پەیوەندیی بە پرۆسەی ئاشتییەوە نییە و ئاشتی و ئاسایش بۆ گەلی فەڵەستین دابین ناکات".
بە گوتەی نەزمی حزوری گەلی فەڵەستین "دژی بەشداربوونی لیستێکی عەرەبین لە حکومەتێکی لەو شێوەیە کە نوێنەرایەتیی راستڕەوەکان دەکات، ئەوان بەردەوام رەتیان کردووەتەوە لە حکومەتەکانی ئیسرائیلدا بەشدار ببن، ئەوەی هەشە نوێنەرایەتیی هەموو فەڵەستینییەکان و گەلی ئێمە نییە، ئەوان نوێنەرایەتیی عەرەب ناکەن، تەنیا حیزبێکی ئیسلامین، بەڵام هەڵوێستی بەرفراوانی عەرەبی فەڵەستینی و کەسایەتییەکان و گەلی فەڵەستینی دژی ئەو بەشداربوونەن".
سەبارەت بەوە کام لایەن لەو بەشدارییەی عەرەب لە کابینەی نوێی ئیسرائیل سوودمەند دەبێت، کونسوڵی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان دەڵێ: "ئەوەی سوودمەندە راستڕەوی ئیسرائیلە بەو تاکە دەنگەی عەرەب توانیی لیستێکی راستڕەوی نوێ دروست بکات بە ئامانجی ئەوەی نەتەنیاهوو لە دەسەڵات لابدات".
سەبارەت بەوەش بەشداریکردنی لیستی عەرەبی یەکگرتوو لە پێکهێنانی حکومەت دەبێتە هۆکارێک بۆ راگرتنی ئەو هەوڵەی بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی جولەکەنشین دەدرێت، نەزمی حزوری پێیوایە "ئەو نوێنەرایەتییە زۆر سنووردارە، نوێنەرایەتیی جەماوەری عەرەبی و فەڵەستینی ناکات لە فەڵەستین، هەروەها کاریگەریی نابێت لەسەر حکومەتی راستڕەوی ئیسرائیل کە ئامانجی فراوانکردنی نیشتەجێکردن و بەردەوامیدانە بە دەستدرێژیکردنە سەر مزگەوتی ئەقسا و دەستدرێژیکردن بۆ سەر هەموو ناوچەکانی کەرتی رۆژئاوا و سیاسەتی بردنی خاک و دەستگرتن بەسەر خاکدا".
حزوری پێشیوایە بەشداریی ئەو حیزبە لە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئیسرائیل بۆ دروستکردنی دوو دەوڵەت "کاریگەری نابێت" و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە "ئەو نوێنەرایەتییە زۆر سنووردارە، گەلی فەڵەستین فەرماندە و سەرکردایەتیی هەیە و رێکخراوی رزگاریخوازە کە تاکە نوێنەری گەلی فەڵەستینە بە سەرۆکایەتیی ئەبو مازن، کە سەرۆکی دەوڵەتی فەڵەستینە، ئەو تاکە لایەنە سەرپشککراوە بۆ ئەوەی باسی ئاشتی بکات و دیدی ئاشتی لە هەر قۆناخێک لە قۆناخەکان، بۆیە ئەو نوێنەرایەتییە کاریگەریی نابێت لەسەر پرۆسەی ئاشتی، کاریگەریشی نابێت لەسەر ئاستی نێوخۆ بۆ رێگەگرتن لە ئیسرائیل بۆ ئەوەی هێرش نەکاتە سەر گەلمان لە خاکی داگیرکراو، هەروەها نیشتجێکردنیش ناوەستێنی".
لەبارەی رێگرییەکان لە بەردەم دروستکردنی دوو دەوڵەت، کە زۆرجار دروستکردنی دوو دەوڵەت بە چارەسەر دادەنرێت، کونسوڵی گشتیی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "دروستکردنی دوو دەوڵەت تاکە چارەسەرە، ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوەیەکگرتووەکان و زۆربەی وڵاتان لەگەڵ دروستکردنی دوو دەوڵەتن وەکو چارەسەر، بەڵام ئەوەی ئەو چارەسەرە رەتدەکاتەوە داگیرکەری ئیسرائیلە و رەتیدەکاتەوە هەنگاوی لەو شێوەیە بنێت".
ئەمڕۆ یەکشەممە 13-6-2021 پەرلەمانی ئیسرائیل دەنگ لەسەر حکومەتی نوێی وڵات دەدات، بەمەش 12 ساڵ مانەوەی بنیامین نەتەنیاهوو لە سەرۆکایەتیی حکومەتی ئیسرائیلدا کۆتایی دێت.
نافتالی بێنێت، سەرکردەی پارتی یامینا کە بڕیارە ئەمڕۆ متمانەی کنێست بەدەست بهێنێت و ببێتە سەرۆکوەزیرانی دوو ساڵی داهاتووی وڵات دەڵێت، حکومەتەکەی حکومەتێکی یەکێتی دەبێت بۆ ئیسرائیل بە ئایدۆلۆژیای جیاوازەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ