ئیمارات: پشتیوانی لە قۆناخی بنیاتنانەوەی سووریا دەکەین

14-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئیمارات دەڵێت، وڵاتەکەی دەیەوێت پشتیوانیی دووبارە بنیاتنانەوەی سووریا بکات، ئەمەش دوای ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق کۆبووەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 13-04-2025 ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی ئیمارات رایگەیاند، شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات "جەختی کردەوە کە ئیمارات دەیەوێت لە رووبەڕوو بوونەوەی ئاڵنگارییەکان لە قۆناخی راگوزەر و بنیاتنانەوەدا، پشتیوانی سووریا بێت."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا بە یاوەریی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و چەندین بەرپرسی دیکە، سەردانی ئەبو زەبییان کرد.
 
لەوکاتەوەی شەڕع بووەتە سەرۆکی سووریا، بەردەوام بەدوای هاوکاری و هاوئاهەنگیی وڵاتانی کەنداوە بووە بۆ دووبارە بووژاندنەوەی سووریا. بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لە 08-12-2024 دەسەڵاتەکەی رووخێنرا.
 
دوای هەفتەیەک لە رووخاندنی ئەسەد لەلایەن دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) کە دواتر هەڵوەشایەوە؛ ئەنوەر گەرگەش، راوێژکاری ئال نەهیان گوتی، ئیمارات لەم هێزە نوێیەی سووریا "تەواو نیگەرانە."
 
نێوەڕاستی مانگی یەکی ئەم ساڵ، شەرع بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوتا ئیماراتییەکەی کرد، دوو سەرکردەکە گەنگەشەی رێگەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان و "دڵنیابوونەوە لە سەقامگیریی ناوچەکە" کرد.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە محەممەد بن زاید گوتی: "سەقامگیری و ئاسایشی سووریا، لە بەرژەوەندیی تەواوی ناوچەکەیە."
 
ئال نەهیان گوتیشی، وڵاتانی کەنداو "درێخی لە هیچ هەوڵێک بۆ پشتیوانیکردنی سووریای دۆست ناکەن."
 
میدیای فەرمیی سووریا لە تەلەگرام بڵاویکردەوە، شەرع و شەیبانی "لەسەر چەندین پرس" گفتوگۆ لەگەڵ ئیمارات دەکەن.
 
شارەزایانی سیاسیی گوتوویانە، ئیمارات گومانی لە سەرکردە نوێکانی سووریا هەیە و "ترسی لە هەژموونی تورکیا بەسەر وڵاتەکە"وە هەیە.
 
شەیبانی لە کانووی دووەمی ئەم ساڵ سەردانی ئیماراتی کرد. دوای زیاتر لە 13 ساڵی شەڕی ناوخۆ، بەرپرسانی نوێی سووریا بەدوای پشتیوانیی نێودەوڵەتییەوەن بۆ ئەوەی بە هانای وڵاتە وێرانکراوەکە بچن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە