راوێژکارێکی باڵای عەلی خامنەیی: ئەم جەنگە دەروونییە لەدژی ئیسرائیل، زیاتر تۆقێنەرە بۆیان

رووداو دیجیتاڵ
 
راوێژکارێکی باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، بەهۆی ئەگەری هێرشی وڵاتەکەیەوە بۆ سەر ئیسرائیل، هەفتەیەکە "زایۆنییەکان" شڵەژاون.
 
یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "هەفتەیەکە زایۆنییەکان تەواو شڵەژاون. ئەوان، نازانن ئێران چی دەوێت، ئەوەش وایکردووە خۆیان و پاڵپشتیکارەکانیان بترسن."  
 
راوێژکارەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەشڵێت، "ئەم جەنگە دەروونی، میدیایی و سیاسییە زیاتر تۆقێنەرە بۆیان (بۆ ئیسرائیل) بەراورد بە جەنگی راستەقینە، چونکە هەموو شەوێک چاوەڕێی هێرش دەکەن و زۆرینەشیان هەڵاتوون و چوونەتە پەناگەکان." 
 
ئەو گوتانەی راوێژکاری باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەکاتێکدان، ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکات وەڵامی هێرشەکەی 1ـی نیسانی ئەم ساڵ بۆ سەر کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە سووریا دەداتەوە، کە سوپای پاسداران رایگەیاندبوو لە ئەنجامیدا حەوت کەس لە فەرماندەی باڵا و راوێژکارانی سەربازییان کوژراون. 
 
بەرپرسانی ئێران، ئیسرائیل بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن. تەلئەڤیڤ بەرپرسیاریێتی ئەنجامدانی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام رەتیشی نەکردووەتەوە. 
 
ئیسرائیلیش هۆشداری دەداتە ئێران 
 
رۆژی شەممە 13-4-2024 دانیال هاگاری، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئێران بەرپرسیاریێتیی زیادبوونی گرژییەکانی دۆخەکە لە ئەستۆ دەگرێت. ئیسرائیل لەوپەڕی ئامادەباشیدایە. ئامادەباشیمان بۆ پارێزگاریکردن لە ئیسرائیل لە دووژمنکارییەکانی ئێران بەهێزکردووە. ئامادەین وەڵامیش بدەینەوە."
 
بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکان لە ناوچەکە و ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران، ژمارەیەک کۆمپانیای فڕۆکەوانی گەشتەکانیان بۆ ئێران و بە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا راگرتووە کە لە نێویاندا کۆمپانیای ئەڵمانی، هۆڵەندی و ئوسترالی هەن.