ئەمریکا و ئیسرائیل چاوەڕێی وەڵامی ئێرانن

رووداو دیجیتاڵ 

زانیاری هەواڵگری دراوەتە کۆشکی سپی کە ئێران دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئامادە کردووە بۆ هێرشی راستەوخۆ لە ئێرانەوە بۆسەر ئیسرائیل.
 
ئەو زانیارییەش دراوە کە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر چەند پێگەیەکی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا ئامادە کردووە. 
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە ئێران زوو هێرشەکە دەکات؛ "نامەوێت بچمە نێو زانیارییە پارێزراوەکان، بەڵام پێشبینی من ئەوەیە کە زوو بیکات، نەوەک درەنگ." لەو بارەیەشەوە هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت: "نەکەی!" 
 
جۆ بایدن جەخت لەوە دەکاتەوە کە "پابەندین بە بەرگریکردن لە ئیسرائیل. پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەین. یارمەتیدەر دەبین لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل. ئێران سەرناکەوێت."
 
لە چوارچێوەی ئەو پابەندبوونەدا کە بایدن ئاماژەی پێدا، مایکڵ کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا- سێنتکۆم و یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە نزیک سنووری لوبنان کۆبوونەوە تاوەکو پەیامی یەکگرتووییان بە ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی نزیک لە تاران بگەیێنن.
 
یۆئاڤ گاڵانت، رایگەیاند، "لەگەڵ فەرماندە کۆرێلا لەم بنکە ئاسمانییەی نزیک لە سنووری باشووری لوبنان کۆبووینەوە. لەگەڵ ئەمریکا؛ دراوسێ و هاوڕێ نزیکەکانمان لە هاوئاهەنگییەکی باشداین بۆ رێگریکردن لە زیانگەیاندن بە ئیسرائیل؛ دەزانین چۆن وەڵام دەدەینەوە".
 
شڵەژانی زیاتری رەوشەکە دوای ئاماژەیەکی رۆژی 10ی ئەم مانگەی عەلی خامنەیی هات کە هێرشەکەی سەرەتای ئەم مانگەی سەر کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق بە هێرش بۆسەر خاکی ئێران ناوبرد.
 
رۆژی 10ـی نیسانی ئەم ساڵ عەلی خامەنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، "باڵیۆزخانەکان لە هەر وڵاتێک هەبن، بە خاکی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێن کە خاوەندارێتیان دەکات. کاتێک هێرش دەکەنە سەر کۆنسوڵخانەی ئێمە، وەکو ئەوە وایە هێرشیان کردبێتە سەر خاکی ئێمە. رژێمە پیسەکە لەم بابەتەدا هەڵەی کرد؛ دەبێت تەمبێ بکرێت و، دەشکرێت."
 
تاوەکو ئێستا روون نییە وەڵامی ئێران چۆن و کەی و بە چ قەبارەیەک دەبێت؛ بەڵام کاردانەوەی تاران هەرچۆنێك بێت کاریگەری لەسەر قۆناخی داهاتووی شەڕی غەززە هەروەها جووڵەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و هەڵوێستی داهاتووی ئەمریکا و ئیسرائیل جێدەهێڵێت.