سووریا و تونس پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی تونس دیاریکردنی باڵیۆزێکی نوێی لە دیمەشق راگەیاند، سووریا باڵیۆزخانەکەی لەو وڵاتەی باکووری ئەفریقا دەکاتەوە.
 
تونس بووە دوایین وڵاتی عەرەبی کە دوای 10 ساڵ لە پەراوێزخستن، پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ سووریا ئاسایی بکاتەوە.
 
بەگوێرەی میدیای فەرمیی سووریا، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشی وەزارەتەکانی دەرەوەی هەردوو وڵاتدا هاتووە، هەنگاوەکەی قەیس سەعید، سەرۆکی تونس بۆ دانانی باڵیۆزی نوێ دەستبەجێ لەلایەن حکومەتی سووریاوە پەسند کراوە. هەروەها دیمەشق بڕیاری داوە باڵیۆزێک لە تونس دابنێتەوە.
 
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، وڵاتانی عەرەبی بەم دواییانە ژمارەیەک هەنگاویان ناوە بۆ هەڵگرتنی ئەو گەمارۆ دیپلۆماسییەی بەسەر حکومەتی بەشار ئەسەددا سەپاندوویانە.
 
بوومەلەرزە گەورەکەی 6ی شوبات و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێران بە نێوەندگیری چین، ئەو هەنگاوانەیان خێراتر کردووە.
 
دوای ئەوەی کە لە ساڵی 2011 خۆپێشاندەرانی دژی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا بە شێوەیەکی خوێناوی سەرکوت کران، زۆربەی وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق پچڕاند.
 
تێکچوونی پەیوەندییەکان بە دەرکردنی سووریا لە کۆمکاری عەرەبی گەیشتە لووتکە. تونس لە ساڵی 2012 باڵیۆزخانەی خۆی لە دیمەشق داخستبوو.