رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی، ئەمڕۆ لە دووبەی لەگەڵ دوو وەزیری ئیمارات کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکان لە چوارچێوەی بەشداریکردنی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانن لە لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دووبەی، کە شاندەکە بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەشداریی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوو راگەیێندراوی جیادا، ناوەڕۆکی هەردوو کۆبوونەوەکەی خستەڕوو.

حکومەت دەڵێ مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شێخ سەیف بن زاید ئال نەهیان، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری ناوخۆی ئیمارات کۆبوونەوە و "هەردوولا جەختیان لە پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە."

مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری وزەی ئیمارات باسی کارەبای 24 کاژێری لە ساڵی 2026 دەکات
سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لەگەڵ سوهەیل ئەلمەزرووعی، وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات، کە قوباد تاڵەبانیش ئامادەی بوو باسی "پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی لەنێوان هەردوولا لە بواری وزە و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری تاوتوێ کرا."
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەمارەیەوە دەڵێ "سەرۆکی حکومەت کورتەیەکی لەبارەی چاکسازییەکانی حکومەت لە بواری وزە، باشترکردنی کەرتی کارەبا و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هەوڵەکانی حکومەت بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری لە هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ساڵی 2026، خستەڕوو."
.jpg)
وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات "ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە سوودوەرگرتن لە شارەزایی ئیمارات لە بواری وزە و وزەی نوێبووەوە و کارەبادا."
ئەم کۆبوونەوانە لەکاتێکدان، دوێنێ یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئیمارات لە بواری ئاڵوگۆڕی شارەزایی و نوێکردنەوەی کاروباری حکومەتداری واژۆکرا.
.jpg)
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ یاداشتەکە "تایبەتە بە ئاڵوگۆڕی شارەزایی و زانیاری لەبواری دەوڵەتداری و، سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتووی ئیمارات لەڕووی پێشخستنی کاروبارەکانی حکومەت و، پەرەپێدانی توانا مرۆیی و دامودەزگەکانی حکومەت."
شاندەکەی حکومەت لە رۆژی 10-2-2025 بەرەو دەوڵەتی ئیمارات بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان. لووتکەکە رۆژی 11ـی ئەم مانگە، لە شاری دووبەی بە بەشداریی زیاتر لە 30 سەرۆکی وڵات و سەرۆکوەزیرانی حکومەتەکان دەستیپێکرد و، ئەمڕۆ کۆتایی دێت.
.jpg)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ