ئیسرائیل غەززەی بۆردوومان کرد

13-02-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل دەڵێت، لە وەڵامی هێرشێکی مووشەکیدا بۆردوومانی پێگەکانی بزووتنەوەی حەماسی لە غەززە کردووە.
 
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 13ی شووباتی 2023 سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بۆردوومانی پێگەیەکی ژێرزەمینی کردووە "کە مادەی خاوی تێدا بووە و لە دروستکردنی مووشەک لەلایەن حەماسەوە بەکارهێندراوە."
 
سوپای ئیسرائیل گوتیشی، بۆردوومانەکە "لە وەڵامی هێرشێکی مووشەکیی رۆژی شەممە بووە کە لە غەززەوە کراوەتە سەر ئیسرائیل."
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە گرژی و پێکدادانی نێوان فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان گیانلەدەستدانی 47 کەسی فەلەستینیی لێکەوتووەتەوە، لەنێویاندا کەسانی سەربازی و سڤیل هەبوون. هاوکات نۆ کەسی سڤیلی ئیسرائیلیش گیانیان لەدەستداوە.
 
لە هەنگاوێکدا کە چاوەڕوان دەکرێت گرژییەکان زیاتر بکاتەوە، رۆژی شەممە ئیسرائیل رایگەیاند، نۆ کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی کەرتی رۆژئاوا کە لەلایەن جووەکانەوە لە خاکی فەلەستین دروستکراون، بە یاسایی دەکات.
 
لە ساڵی 1967 دا، لەدوای شەڕێکی شەش رۆژە، ئیسرائیل کەرتی رۆژئاوای فەلەستینی کۆنترۆڵ کرد. ئێستا، نزیکەی 475 هەزار جوو لە کۆمەڵگە جوونشینەکانی کەرتی رۆژئاوا دەژین کە بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، ئەو هەنگاوە بە نایاسایی و داگیرکاری هەژمار دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە