رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی F-22ی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانی زەفرە لە ئەبوزەبیی ئیمارات. وێنە: Chelsea E. FitzPatrick/U.S. Air Force via AP
رووداو دیجیتاڵ
دوابەدوای هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی حوسییەکان بۆ سەر ئیماڕات، ئەمریکا فڕۆکەی شەڕکەری F-22 لە ئیمارات جێگیر دەکات.
رۆژی شەممە 12-2-2022 هێزی ئاسمانیی ئەمریکا رایگەیاند ژمارەیەک فڕۆکەی F-22 گەیشتوونەتە بنکەیەکی ئیمارات بەبێ ئاماژەدان بە ژمارەی فڕۆکەکان. ئەوەش وەکو خۆی دەڵێت، بەشێکن لە پاڵپشتیی ئەمریکا لەدوای هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکانی یەمەن لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بۆ سەر ئیمارات، کە بوونەتە هۆی "هەڕەشە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و ئیمارات".
بەگوێرەی راگەیێندراوی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا، وەزیری بەرگریی ئەمریکا فەرمانی جێگیرکردنی فڕۆکەی نەوەی پێنجەم G5 "بەشێوەیەکی خێرا" دەرکردووە، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ محەممەد بن زەید ئال نهیان، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی کراوە.
بڕیارە فڕۆکەکانی F-22ـی نەوەی پێنجەم بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە سەرتاسەری ناوچەکەدا بکەن.
هێزی ئاسمانی ئەمریکا دەڵێت، ئەو فڕۆکە شەڕکەرانە لە باڵی شەڕکەری یەکەم لە بنکەیەکی ڤێرجینیای ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە جووڵەیان پێکراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، ژەنەڕاڵێکی ئەمریکیی بەرپرس لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندبوو ئەمریکا لەڕووی بەهێزکردنی بەرگرییەوە یارمەتی ئیمارات دەدات.
فڕۆکەی شەڕکەری F-22 راپتەر تایبەت بۆ هێزی ئاسمانیی ئەمریکا دروستکراوە؛ بەبێ گوێدانە کەشوهەوا، هەر کاتێک بیەوێت توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هەیە. لە ساڵی 2005دا چووەتە خزمەتی سەربازییەوە. ئەمریکا 187 فڕۆکەی لەمجۆرەی هەیە. نرخی هەر یەکێک لەم جۆرە فڕۆکانە 139 ملیۆن دۆلار دەبێت. خێراییەکەی دەگاتە 3 هەزار و 635 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا. دەتوانێت لە بەرزایی 20 کیلۆمەتر بە وردی ئامانجەکەی بپێکێت. دەتوانێت لەسەر رووبەری 480 مەتر بفڕێت و تەنیا 200 مەتری بۆ نیشتنەوە پێویستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ