شارەزایەکی بزووتنەوە جیهادییەکان: ئێران گرووپە سەلەفییەکان دژی کورد بەکاردەهێنێت


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سێ کوردی وەکو سەرکردەی بەتالیۆنی کوردیی قاعیدە راگەیاند و شارەزایەکی بزووتنەوە ئیسلامییەکانیش دەڵێت: "ئەو سێ کەسە هەرسێکیان خەڵکی باشووری کوردستانن و ئێستا لە تاران لەژێر چەتری کۆماری ئیسلامیی ئێرانن".
 
مەلا حەسەن واژی، شارەزای بزووتنەوەی جیهادی بەشداری بەرنامەی نیوڕۆژی کرد کە هەوار جەلالەدین پێشکێشیدەکات تێیدا لەبارەی کار و چالاکییەکانی گرووپە تووندئاژۆکان لە ئێران رایگەیاند: گرووپە تووندڕەوەکان چەند کەتیبەیەکیان دروستکردووە لەو ناوچانەی ئێران کە پەیڕەوانی مەزهەبی سوننەیان تێدایە، وەکو کەتیبەی خۆراسانی، کەتیبەی هورمزگان، کەتیبەی کوردستانی و کەتیبەی شیراز.
 
ناوچەکانی کرماشان، جوانڕۆ و پاوە شوێنی بەیەکگەیشتنی کوردانی شیعە، سوننە و یارسانە، مەلا حەسەن پێیوایە "لەو ناوچانەدا ژمارەی سەلەفییەتی جیهادیی قیتالی زیاترە، چونکە ئێران بەئەنقەست لەو شوێنانە دەستی ئاوەڵاکردوون". 
 
بە گوتەی مەلا حەسەن: "ئێران دەیەوێت ئەو گرووپانە زۆر بەخراپیی بەسەر کورددا بشکێنێتەوە، مەبەستی ئەوەیە کێشە بۆ کورد دروستبکات، لەو کارەشی چەند ئامانجێکی هەیە: یەکەمیان ئەوەیە کە دانیشتووانی زنجیرە شاخی زاگرۆس لەت بکات وەکو کرماشان و ئیلام، چونکە ئەو ناوچانە سەرچاوەی نەوتی هەیە. بۆ ئەوەی کورد شەڕی زاراوە و ئایینی بکات، کورد لەت بکات و هێندەی دیکە کورد بچووک بکاتەوە، هەروەها دەیانەوێت شەڕی یارسانەکان دروستبکەن، بۆ ئەوەی دۆخێک بەرهەمبهێنن کە کورد نەتوانێت لێی دەربچێت".
 
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ناوی ئەو سێ کەسەی ئاشکرا کردووە کە ئەمریکا خستنیە لیستی تیرۆرەوە، ناوەکانیش: ئیسماعیل فوئاد رەسوول ئەحمەد، فوئاد ئەحمەد نووری ئەلشەخان و نیعمەت حەمە رەحیم حەمە شەریفە. ئەو شارەزایەی بزووتنەوە جیهادییەکان لەبارەی ناوی کەسەکانەوە دەڵێت: "مەرج نییە ناوی راستەقینەی خۆیان بن، چونکە ئەو کەسانە ناوی خۆیان بەکارناهێنن، "بەڵام بەپێی ئەو کۆد و زانیارییانەی کە هەن خەڵکی باشووری کوردستانن، لەگەڵ ئەنسارولئیسلام کاریان کردووە، پاشان چوونەتە پاکستان و ئەفغانستان و ئێستا لە تاران لەژێر چەتری کۆماری ئیسلامی ئێرانن".
 
لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئێران و رێکخراوی قاعیدە مەلا حەسەن دەڵێت: "خاڵی هاوبەش هەیە لەنێوان کۆماری ئیسلامی و قاعیدە، ئەوان لە دروستکردنی دەوڵەتی ئیسلامی یەک ئامانجیان هەیە. هەروەها ئێران پەیڕەوی سیاسەتی ماکیاڤیلی دەکات، پێیانوایە دەتوانن لەپێناو ئامانجەکەیان هەر ئامڕازێک بەکاربێنن. راستە لە شوێنێک دژی قاعیدەن، بەڵام لە بابەتە گشتییەکان وەکو راوەستان دژی رۆژئاوا و دژی ئەو دەسەڵاتانەی کە هەوێنێکی نەتەوەییان هەیە یەک ئامانجیان هەیە، لەبەر ئەوە خاڵی هاوبەشیان زۆرە لەگەڵ قاعیدە".
 
ئەو شارەزایەی بزووتنەوەی جیهادی پێیوایە ئێران ئەو گرووپە تووندڕەوانەی لە سووریا بەکارهێناوە و دەڵێت: "پێش دروستبوونی شەڕی سووریا، ئەوانەی لە باشوورەوە چوونە ئێران، کۆماری ئیسلامی هەموویانی زیندانی کرد، بەڵام دوای راپەڕینی گەلانی سووریا، هەموویانی لە زیندان ئازاد کرد بۆ ئەوەی شەڕەکە بە ئاقارێکی دیکە ببات، بۆ ئامانجی خۆیان لە سووریا، چونکە ئێران دەیویست تیرۆریزم لە سووریا دروستبکات بۆ ئەوەی پاساوی هەبێ بۆ شەڕکردن لە سووریا و، لەو ئامانجەش تاوەکو ئاستێکی باش سەرکەوتوو بوون".
 
لەبارەی ئەوەی ئەو گرووپانە پێشتر لە ئێران کار و چالاکییان دژی وڵاتەکە ئەنجامداوە و ئێستا چۆن لە ئێران دەمێننەوە مەلا حەسەن ئاماژە بەوە دەدا: "گرووپە تووندڕەوەکان لە ئێران پێش شەڕی سووریا چەند مامۆستایەکی ئایینییان تیرۆر کرد و هێرشیان کردە سەر چەند ناوەندێک، چونکە ئەو کات بەریەککەوتنیان هەبوو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بەڵام لە دوای شەڕی سووریا چوون لەوێ کۆبوونەوە، ئێرانیش هێندە دەستی ئاوەڵا نییە لە کۆنتڕۆڵکردنیان".
 
بە گوتەی مەلا حەسەن: "ئێران گرێبەستی لەگەڵ قاعیدە هەیە بۆ پاراستنی ئەو گرووپانە، هەرکاتێک ئێران لە گرێبەستی قاعیدە دەربچێت، خۆی و بەرژەوەندییەکانی دەکەونە ژێر هەڕەشەی ئەو کەتیبانەی لە ئێرانن. کۆماری ئیسلامی ناتوانێت بەئاسانی خەتێک بەسەر قاعیدەدا بێنێ، چونکە مانەوە و بوونیان لە ئێران هێندەش بە حەزی کۆماری ئیسلامی نییە".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی هۆکاری خستنەڕووی ئەو زانیارییانە لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەو شارەزایەی بزووتنەوە جیهادییەکان ئاماژە بەوە دەدات: زانیارییەکانی پۆمپەیۆ نوێ نین، "ئەو دەزانێت کە ئێران بەشێک بووە لە داڕشتنی رووداوەکانی 11 سێپتێمبەر، پۆمپەیۆ بەم کارەی ئەرکی جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و دیموکراتەکان قورس دەکات لەکاتی دانوستاندن لەگەڵ ئێران".
 
هەروەها مەلا حەسەن ئاماژە بەوەش دەدات: "ئێران ناتوانێت کەسەکان لە وڵاتەکەی دەربکات، چونکە پێشێلی رێککەوتنی لەگەڵ قاعیدەی کردووە و لە نێوخۆی ئێران کێشەی بۆ دروستدەبێت. ئەگەریش دەریان نەکات ناتوانێت بەئاسانی بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئەمریکا".