بەرگریی تورکیا دەڵێت ئەوەی ئیسرائیل دەیکات لە بەرژەوەندیی هەسەدەیە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری میدیایی وەزارەتی بەرگریی تورکیا سەرکۆنەی چوونەژوورەوەی ئیسرائیلی بۆ ناو خاکی سووریا کرد و رایگەیاند، ئەو هەنگاوە لە بەرژەوەندیی هەسەدەیە کە ئەو بە 'تیرۆرستان' ناوی بردووە.
زەکی ئاکتورک، راوێژکاری میدیایی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی وەزارەتەکەیدا کە نیوەڕۆی پێنجشەممە 12-12-2024 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، باسی لە دۆخی سووریا و رووبەڕووبوونەوەی وڵاتەکەی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد.
ئاکتورک لەبارەی سووریا رایگەیاند، کە تورکیا بەردەوامە لە هەوڵەکانی لەپێناو پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئارامی.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، ئەنقەرە لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکان دەکات و گوتی: "تورکیا لەبارەی ئەو گرووپە تیرۆرستانەی هەڕەشە لە سووریا و تورکیاش دەکەن و ئەو دۆخەی ئەوێ بە دەرفەت دەزانن بۆ فراوانکردنی پانتایی زیاتر، رێکاری لەنێوبردنی لە دژیان گرتووەتەبەر".
راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی تورکیا هەروەها رایگەیاند، تورکیا داوای لە ئاکتۆرە مەشروعەکانی ناوچەکە کردووە، بە وریایی و بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە بکەن، گوتیشی: "ئێمە رێگە نادەین لایەنە تیرۆرستەکان بە سوودوەرگرتن لە دۆخی نادیاری ئەوێ، سەروەری و یەکێتیی خاکی سووریا بکەنە ئامانج. هەڵوێستمان لەمەڕ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆرستییەکان روونە. جارێکی دیکە پێداگریی خۆمان دووپات دەکەینەوە".
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئیسرائیلی بە داگیرکردنی خاکی سووریا تۆمەتبار کرد و گوتی: "لەکاتێکدا لە سووریا دەرفەتێکی تازە ئاشتی و ئاسایش هاتووەتە پێش، ئەو داگیرکارییەی ئیسرائیل سەرکۆنە دەکەین کە سەقامگیری تێکدەدات، گرژی دەنێتەوە و خەڵکی سڤیل دەترسێنێت، هاوکات لە بەرژەوەندیی گرووپە تیرۆرستییەکانە".
زەکی ئاکتورک، راوێژکاری میدیایی وەزارەتی بەرگریی تورکیا هەروەها پێداگریی وڵاتەکەی لە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە و یەپەگە لەودیو سنووریش نیشان دا.