ئەنەکەسە لە عەفرین: گرووپە چەکدارەکان داوای پارە لەو خێزانانە دەکەن دەگەڕێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت، گرووپە چەکدارەکانی سنوورەکە داوای پارە لەو خێزانانە دەکەن دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین رۆژی پێنجشەممە، 12-12-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 10 رۆژی رابردوودا کە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ عەفرین دەستیپێکردووە، زیاتر لە دوو هەزار خێزان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان".
ئەو هاونیشتمانییانەی دوای رووداوەکانی سووریا لە تل رەفعەت و شەهباوە دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان لە عەفرین و دەوروبەری لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە کێشەیان بۆ دروست دەکرێت.
ئەحمەد حەسەن کە خۆی ئێستا لە عەفرینە دەڵێت: "لە ناحیەی شیا کە گرووپی چەکداریی 'عەمشات'ی تێدایە، هەر خێزانێک بگەڕێتەوە داوای 10 هەزار دۆلاری لێدەکەن".
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین ئاماژەی بەوەشكرد: "خراپترین شوێن ناحیەی شیایە بۆ وەرگرتنی پارە لەو کوردانەی دەگەڕێنەوە. ناوچەکانی دیکەش داوای پارە دەکەن، بەڵام کەمتر؛ هەندێک شوێن دوای 100 بۆ 200 دۆلار لەو خێزانانە دەکەن کە دەگەڕێنەوە".
08ـی ئەم مانگە دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) دیمەشقی کۆنترۆڵکرد کۆتایی بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی وڵاتەکە هێنا.
لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی دیمەشقدا، گرووپە چەکدارە سوپای نیشتمانی سووریا هەردوو ناوچەی شەهبا و تل رەفعەتیان کۆنترۆڵکرد کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)بوو، ئەوە وایکرد خەڵکی ئەو دوو ناوچەیە کە زۆرینەیان هاونیشتمانی عەفرین بوون و لە ئاوارەییدا بوون جارێکی دیکە بەشێکیان ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بنەوە و بەشیکیشیان گەڕانەوە عەفرین و دەوروبەری.