وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی سووریا سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا و ئوردن تاوتوێی پێشهاتە نوێیەکانی ناوچەکە، لەوانەش دۆخی سووریا دەکات. 
 
ئەنتۆنی بلینکن، کە تەنیا مانگێکی لەو پۆستەدا ماوە، بڕیارە لەو سەردانەیدا داوا لە دەسەڵاتدارانی سووریا و وڵاتانی دراوسێی ئەو وڵاتە بکات، کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بکەن، هەروەها حکومەتی داهاتووی سووریاش، حکومەتێکی بنکەفراوان بێت و هەموو نەتەوەکانی کۆمەڵگەی سووریا لەخۆبگرێت. 
 
لەسەرەتای گەشتەکەیدا، بڕیارە بلینکن سەردانی عەقەبەی ئوردن بکات، دواتر دەچێتە تورکیا.
 
ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکیدا لەمبارەیەوە گوتی، "بلینکن لەو گەشتەیدا جەخت لەسەر پشتگیریی ئەمریکا دەکاتەوە بۆ حکومەتێکی بنکەفراوان، حکومەتێک کە نوێنەرایەتیی هەموو سووریا بکات." 
 
بلینکن وەک میللەر باسی کرد، داواش دەکات ''سووریا جارێکی دیکە نەبێتەوە بنکەی تیرۆریستان و هەڕەشە بۆ دراوسێکانی، کە ئەمەش خاڵێکە مایەی نیگەرانیی ئیسرائیل و تورکیای دراوسێیە.''
 
بەتایبەت تورکیا کە لە چەند ساڵی رابردوودا، بەردەوام نیگەران بووە لە مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ هێزە کوردییەکان دا لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا. 
 
بڕیاریشە تەوەرێکی سەرەکی سەردانەکەی بلینکن بۆ تورکیا؛ قسەکردن بێت لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی چەند رۆژی رابردووی نێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارەکانی سووپای نیشتمانیی سووریا، بەتایبەتی لە منبج و پاریزگەی دێرەزوور. 
 
لەبارەی چاوەڕوانیی ئیدارەی بایدنیش بۆ حکومەتی داهاتووی سووریا، بلینکن رایگەیاند "دەبێت هەموو وڵاتان بەڵێنی پشتگریکردنی پرۆسەیەکی گشتگیر و شەفاف بدەن و خۆیان بەدووربگرن لە دەستوەردان. ئەمریکاش بەتەواوەتی پشتگریی حکومەتی نوێی سووریا دەکات، کە لەئەنجامی ئەو پرۆسەیەدا دروست دەبێت."