ڤیدیۆ؛ لافاو دەچێتە نێو هۆڵەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەیرووت


رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی بارانی بەخوڕ، لافاو دەچێتە نێو هۆڵەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەیرووتەوە و گەشتیاران بە پێ بەنێو ئاودا دەڕۆن و چێشتخانەکانیش کەلوپەلەکانیان هەڵدەگرنەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 12ی کانوونی یەکەمی 2023 لە هۆڵی رەفیق حەریریی نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەیرووتدا، بەهۆی بارانی بەخوڕەوە کێشە بۆ گەشتیاران و خەڵکی نێو فڕۆکەخانەکە دروست بووە.
 
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، بارانە بەخوڕەکە چووەتە نێو هۆڵی رەفیق حەریری و چێشتخانەکانی نزیک ئەو هۆڵە کورسی و مێزەکانیان هەڵگرتووە تاوەکو تووشی زیانی مادی نەبن. کەشناسیی لوبنان هۆشداری داوە کە کەشوهەوا ئاسایی نییە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر لوبنان و ناوچەکە دروست دەکات.
 
کەشناسیی لوبنان دەشڵێت، ئەم باوبۆرانەی لە ئەمڕۆوە دەستی پێکردووە و تاوەکو بەیانیی رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
 
بارانە بەخوڕەکە رەشەبایشی لەگەڵە کە خێرایی بایەکە دەگاتە 60کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا.
 
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەیرووت، یان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی رەفیق حەریری، رووبەری 9 کیلۆمەترە، دەکەوێتە نێوەڕاستی بەیرووتی پایتەختی لوبنانەوە. فڕۆکەخانەکە تاکە فڕۆکەخانەی بازرگانیی لوبنانە و هەروەها بنکەی سەرەکیی هێڵی ئاسمانیی لوبنانییە. پێشتر بە ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەیرووت دەناسرا، بەڵام لە ساڵی 2005ـەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هێڵەئاسمانییەکانی لوبنان، گۆڕیویانە بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی رەفیق حەریری.