وەزیری بەرگریی تورکیا: دوای هەڵبژاردنی سووریا دەکشێینەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت، سەرکردەی پەکەکە رایگەیاندووە چەند جارێک ویستوویانە خۆیان رادەستبکەنەوە، بەڵام هاوپەیمانانی رۆژئاوا رێگەیان نەداوە. هەروەها باسی لەوە کرد ئەگەر حکومەتی سووریا بەرپرسیارێتیی بەجێ بهێنێت و هەڵبژاردن بکرێت، تورکیا لەو وڵاتە دەکشێتەوە.
لە پرۆگرامێکی تایبەتی تەلەڤزیۆنیدا، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کە رۆژی دووشەممە، 11-12-2023، لە وەزارەتی بەرگریی تورکیادا پێشکێشکرا، وەڵامی چەند پرسیارێکی تایبەت بە رۆژەڤی نێوخۆ و دەرەوەی تورکیای دایەوە.
گولەر لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە رایگەیاند، ماوەی 40 ساڵە ئەو بەرەنگاربوونەوەیە بەردەوامە و تورکیا پێداگرە لەسەر ئەوەی تاوەکو کۆتاییهێنان بە دوایین "تیرۆریست" ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن.
وەزیری بەرگریی تورکیا سەبارەت بە کۆتاییهاتن بەو شەڕ و پێکدادانە گوتی: "دەبێت هەمووان عاقڵ بن و خۆیان رادەست بکەنەوە. ئەنجام هەرچییەک بوو قبووڵی بکەن. ئەو پێکدادانەمان لەگەڵ تیرۆر بەمجۆرە کۆتایی دێت. جگە لەمە بەهیچ شێوەیەک کۆتاییهاتنی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر جێی باس نییە".
وەزیری بەرگری: پەکەکە وەکو جاران تەنیا بە کلاشینکۆف شەڕناکەن
یاشار گولەر لەبارەی چۆنییەتیی بەرەنگاربوونەوەیان لەگەڵ پەکەکە باسی لەوە کرد، لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرەنگاربوونەوەکە چڕتر بووەتەوە، گوتیشی: "ئەمڕۆ ئیدی تیرۆرستان لەلایەن دۆستەکانی خۆمانەوە فێری بەکارهێنانی درۆنی چاودێریی خۆکوژ و هێلیکۆپتەر دەکرێن. هەموو جۆرە پشتیوانییەکیان دەکەن. واتا ئێستا وەکو جاران لە بەرامبەر ئێمەدا رێکخراوێکی تیرۆرستیی وەها نییە کە تەنیا بە کلاشینکۆفێک شەڕ بکات. جا بۆیە ئێمە ناچار بووین ئۆپەراسیۆنەکان بەرفراوانتر بکەین. ئەوە بوو سەرکەوتوو بووین لە فراوانکردنەکە. ئێمە ناچارین رێکخراوی تیرۆرستی لە خاک، سنوور و خەڵکی خۆمان بە دوور بگرین".
وەزیری بەرگریی تورکیا باسی لەوە کرد کە پەکەکە "زۆر لاواز بووە" و ناتوانێت هاوشێوەی ساڵانی زوو گورز لە سوپای تورکیا بوەشێنێت. گولەر گوتی: "چەند ساڵێکە سوپاس بۆ خوا لە نێوخۆی وڵات و سەر سنوور ناتوانێت پلانی ئۆپەراسیۆن جێبەجێ بکات. تەقە دەکات و رادەکات، بێگومان ئەمانە ناژمێرین. جگە لەمانە هێرشی هاوشێوەی داغڵیجا تەنانەت ناتوانن بیریشی لێ بکەنەوە. ئەوانمان خستە دۆخێکی وەها. هەوڵدەدەین لەڕێی پرۆژەی ناچالاککردنی تیرۆرستان لە سەرچاوەکانیانەوە، بەردەوامبین".
"زاپ قەڵای پەکەکەیە"
وەزیری بەرگریی تورکیا سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەیان لەگەڵ گەریلا لە هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، زاپ پێگەیەکی گرنگی بۆ پەکەکە هەیە و دەتوانن بڵێن دڵی ئەوانە. هەروەها رایگەیاند: "لە باکووری عێراق ئێمە کارەکەمان بە پلان گەیاندووەتە ئەم دۆخەی ئێستا. ئەوان ساڵانێکە لە زاپ ئامادەکاری دەکەن. هەروەک خۆیان دەڵێن، هەر گردێکی کردووەتە قەڵایەک. هەروەها ئەشکەوتی دوو نهۆمی و سێ نهۆمی. بەڵام ئێمە هەموویان بەسەردا دەڕووخێنین. ئەو ئەشکەوتانە دەبێتە گۆڕی ئەوان".
"ناهێڵن خۆیان رادەست بکەنەوە"
وەزیری بەرگریی تورکیا سەبارەت بە ئەگەری چەکدانانی پەکەکە گوتی: "سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستی لە کەناڵی تەلەڤزیۆنیی خۆیدا روونکردنەوەی دا. گوتی ئێمە چەند جارێک هەوڵماندا دەستپێشخەری بۆ خۆڕادەستکردنەوە دەستپێبکەین. بەڵام دۆستانی رۆژئاواییمان گوتیان نابێت خۆتان رادەست بکەنەوە و دەبێت درێژە بە شەڕ بدەن و بەوجۆرە زۆریان لێکردین. ئەوان ئاگادارن چیان بەسەر دێت. دەشزانن سوپای تورکیا هەرگیز پاشەکشە ناکات. ئەوان دەزانن چارەنووسیان چی دەبێت و هەر بەو چارەنووسەش دەگەن".
ئەگەرچی تورکیا و ئەمریکا هاوپەیمانن، بەڵام زنجیرەیەک بابەت هەیە کە لە نێوانیاندا بێ چارەسەر ماونەتەوە و هێشتا لەسەری ناکۆکن. یەکێک لەو بابەتانە ئەوەیە کە ئەمریکا هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، بەڵام تورکیا ئەوان بە تیرۆرست دەناسێنێت.
گولەر لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە هەموو جارێک لەگەڵ هاوپەیمانانمان ئەم بابەتە باس دەکەین. بەڵام لای ئەوان هێشتا لۆژیکی تیرۆریستی من باشە و تیرۆریستی خراپە بەردەوامە. ئەوان دەڵێن تیرۆریستەکانی ئێمە تیرۆریست نین. لەکاتێکدا باش دەزانن کە ئەوان تیرۆرستن، بەڵام بە پێداگرییەوە هەموو جۆرە پشتیوانییەکیان دەکەن. ئەمە قبووڵکراو نییە. بەتایبەتیش بەشێک لە هاوپەیمانانمان بەردەوامن لە تێکدانی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. باشە راهێنانی هیلیکۆپتەر بۆ تیرۆرستان مانای چییە؟ یان دەست بەسەر چەکدا دەگرین و کۆدی زنجیرەییەکەی دەڵێین، کەچی ئەوان دەڵێن ئەمە دزراوە."
یاشار گولەر: چاومان لە خاکی سووریا نییە
یاشار گولەر جەختیکردەوە، هێزەکانیان لە عێراق و سووریا بەشێوەیەکی بەردەوام لە بەرەنگاربوونەوەدان. بێگومان رۆژێک کۆتایی دێت.
وەزیری بەرگریی تورکیا گوتی: "پێویستە ساڵانی 2017-2018مان زۆر بە باشی لە یاد بێت. لە هاتای و کیلیس هاووڵاتیانمان نەیاندەتوانی بڕۆنە سەر باخچە و کێڵگەکانیان. بەردەوام مووشەکیان ئاراستە دەکرد و هاووڵاتیانی ئێمەش تووشی شڵەژان دەبوون. هەموو رۆژێک تەقەیان لە سنوورەکانمان دەکرد. ئەوەتا ئێستا 4-5 ساڵ تێپەڕی، نە هێرشێک دەکرێت و نە هاووڵاتیانیشمان دەکرێنە ئامانج. ناوچەکە ئارامە و ژیان ئاساییە. بێگومان لە سووریا شەهیدی زۆرمان دا. بەڵام ئەمە ئەنجامێکی هەبوو کە ئەمڕۆ دەبینین هاووڵاتیانمان لە ئارامیدا دەژین. بەرەنگاربوونەوەمان لەوێ بەردەوام دەبێت. ئێمە چاومان لە خاک و هیچ شتێکی سووریا نییە. چاومان لە خاکی هیچ وڵاتێک نییە. سەرۆککۆمارمان هەموو جارێک ئەمە روون دەکاتەوە. راستییەکەی ئێمە لە تێنەگەیشتنی ئەوان تێناگەین!"
یاشار گولەر: ئێمە لە سووریا بەرەنگاری داعش بووینەوە، بۆیە رووی کردە عێراق
بە گوتەی یەشار گولەر لە سایەی ئەوانەوە ئارامی بۆ ئەو ناوچانەی سووریا گەڕاوەتەوە کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندان.
وەزیری بەرگریی تورکیا گوتی: "ئەگەر سەیری سووریا بکەین دەبینین کە ئێمە ئارامیمان بۆ ناوچەکە برد. ئەو ناوچانەی رۆژانە پێکدادانیان لێ بوو، چەند ساڵێکە ئارامن. سووریامان لە مەترسیی داعش رزگار کرد. داعش هەر رۆژێک شارێکی دەخستە ژێر دەستی. هەموو ئەمانە لەبیرکران. رژێمی سووریا ئێستا پێویستە سوپاسی تورکیا بکات. ئێمە لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات رووبەڕوو شەڕمان لەگەڵ داعش کرد و نزیکەی 4500 تیرۆرستی مەترسیدارمان لێ کوشتن. بەو هۆیەوە داعش لە سووریا کشایەوە و چووە عێراق".
وەزیری بەرگریی تورکیا: دوای هەڵبژاردنی سووریا دەگەڕێینەوە وڵاتەکەمان
سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سووریا، کە داواکاریی حکومەتی سووریاشە، یەشار گولەر گوتی: "ئێمە ئێستا لە سووریا بەردەوامین لە چالاکییە ئاساییەکانی خۆمان. هەروەک دەزانن کۆبوونەوەی چوارقۆڵی هەن کە هیوادارم لە داهاتودا دووبارە سازبکرێت. ئێمە دەمانەوێ چی زووە ئارامی و خۆشگوزەرانی بگەرێتەوە بۆ ئەوێ. ئێمە پێویستمان بە خاک و شت نییە. بەڵام رژێم چەند بەرپرسیارییەتییەکی لەسەرە کە پێویستە جێبەجییان بکات و تا ئێستا نەیکردوون. دەبێت دەستوور قبووڵ بکات و بیخاتە دەنگدان. دواتریش دەبێت بچێتە هەڵبژاردنی سەربەخۆ. ئەوکاتە کێ دەسەڵات وەربگرێت ئێمەش پەسندی دەکەین و دەگەڕێینەوە وڵاتەکەمان".
لە تورکیادا و بەتایبەتیش بەشێک لە سیاسەتڤانان رەخنەی تووند لە حکومەت دەگرن بەوەی نەیانتوانیوە سنوورەکانی نێوان تورکیا و سووریا بپارێزن، بەشێکیشیان باس لە بوونی شلگیری لەو ناوچە سنووریانە دەکەن. یاشار گولەر لەمبارەیەوە گوتی: " 2900 کیلۆمەتر سنوورمان هەیە. ناوچەی سنووریمان لە مێژووی کۆماری تورکیادا باشترینە. پێداگرین لەسەر ئەمە و ئەوانەش بانگهێشتی سنوورەکان دەکەین کە باوەڕ ناکەن. کەسێکی زۆر گرنگ کە نامەوێت ناوەکەی بهێنم؛ باسی لەوە کرد کە سنوورەکان نەپارێزراون. پەیوەندیمان پێیەوە کرد و بانگهێشتمان کرد و گوتمان؛ کەی ویستتان دەتوانن بڕۆنە سنوورەکان و لە بنکەکاندا دەتوانن شەویش بمنیننەوە. ناکرێ لە ئەنقەرە و ئیستەنبووڵەوە بڕیار لەسەر سنوورەکان بدەن. ئێستا 65 هەزار کارمەندمان شەو و رۆژ لەسەر ئەرکن".
یاشار گولەر: سیستمی بەرگریی ئێس400 رانەگیراوە
بەهۆی بوونی ناکۆکییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتن لەسەر کاراکردنی سیستمی بەرگریی ئێس400ی رووسی، دەنگۆی ئەوە هەیە کە تورکیا ئەو سیستمەی کڕیوە بەڵام ناتوانێت کارای بکات. لەمبارەیەوە وەزیری بەرگریی بەرگریی تورکیا گوتی: "ئێس400 سیستمی بەرگرییە. ئایا لایەنێک هێرشی کردووەتە سەرمان و ئێمە بەکارماننەهێناوە؟ دۆخێکی وەها روویداوە؟ تورکیا هەموو کارەکانی بە پرۆفیشناڵانە دەکات و دەشزانێت چی دەکات. ئەوانەی ئەم جۆرە ئەگەرانە بە مێشکی خۆیاندا دەهێنن. کاتێک هێرشێک کرا، ئەوکاتە دەبینن سیستمی بەرگریی ئێس400 یان هەر سیستمیکی سیکە، چۆن رۆڵی دەبێت".
ساڵی 2019 لە دوای ئەوەی سیستمی ئێس 400ـی بەرگریی رووسیای کڕی، تورکیای ئەندامی ناتۆ لە پڕۆگرامی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی ئێف35 کرایە دەرەوە. لە دوای دەستبەکاربوونی ئیدارەی جۆ بایدن و لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا، ئەمریکا زیاتر پاڵپشتی خۆی بۆ ئەنقەرە دەربڕی. حوزەیرانی 2023، لە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی تورکیا لە لووتکەی ناتۆ لە مەدرید، بایدن گوتی ئەو دەیەوێت کۆنگرێس فرۆشتنی فڕۆکەی F-16 بە تورکیا پەسندبکات، بەڵام واشنتن زنجیرەیەک مەرجی قورسی لەسەر ئەنقەرە داناوە، کە ئەمە نیگەرانیی تورکەکانی لێکەوتووەتەوە.