کابینەکەی نەتەنیاهوو دەیەوێت کەرتی رۆژئاوا بە فەرمی بلکێنێت بە ئیسرائیلەوە
رووداو دیجیتاڵ
کابینە راستڕۆکەی بنیامین نەتەنیاهوو بیر لەوە دەکاتەوە کەرتی رۆژئاوا بە فەرمی بلکێنێت بە ئیسرائیلەوە، لە کاتێکدا ئەو ناوچەیە لە شەڕی 1967ـەوە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵ کراوە و نەکشاوەتەوە.
بێزالیل سموتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل رایگەیاند: "فەرمانم بۆ بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەکان دەرکرد دەست بە ئامادەکارییەکان بکەن بۆ لکاندنی جوودیا و ساماریا بە ئیسرائیل و بە فەرمی بخرێنە ژێر سەروەریی وڵاتمان".
جوودیا و ساماریا، بە گوتەی ئیسرائیل ناوە کۆنەکەی کەرتی رۆژئاوایە لە سەردەمی شانشینی جووەکان پێش زایین.
بە گوێرەی رێککەوتنی ئۆسلۆ 1993، کەرتی رۆژئاوا کراوەتە 3 بەش؛ ناوچەی یەکەم کە بە ناوچەی A ناسراوە، لە 18٪ـی کەرتی رۆژئاوا پێکدەهێنێت. ئاسایش و گوزەرانی بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی فەلەستینییە و سوپای ئیسرائیل مافی هەڵکوتان و دەستگیرکردنی هەیە.
دووەم، ناوچەی B یە کە لە 22٪ی رووبەری کەرتەکەیە. بەڕێوەبردن، بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی فەلەستینییە و ئاسایش بە دەست ئیسرائیلە. لەو دوو ناوچەیە نزیکەی 2.8 ملیۆن فەلەستینی هەن.
سێیەم، ناوچەی C کە نزیکەی 60٪ـی کەرتی رۆژئاوا پێکدەهێنێت. بەڕێوەبردن و ئاسایش لای ئیسرائیلە، لە 1967وە کۆمەڵگەی جوونشینی تێیدا بنیاتدەنرێن؛ ئێستا سەرووی 500 هەزار جووی ئیسرائیلی لە 350 کۆمەڵگەدا نیشتەجێکراون.
تائێستا هیچ کاردانەوەیەک لە نێوخۆی ئیسرائیل لەسەر ئەم لێدوانەی بێزالیل سموتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل نییە؛ هەرچەندە ئەو سەرکەوتنی پلانەکەی لە کەرتی رۆژئاوا بە گەڕانەوەی ترەمپ بەستووەتەوە، ئەوەش بۆ بەشی زۆری عەرەبەکان، هەڕەشەیەکی جیدییە.
نەعیم فەوزی، فەلەستینییەکی دانیشتووی کەرتی رۆژئاوایە و دەڵێت: "سەرکەوتنەوەی ترەمپ بۆ جاری دووەم، بە واتای درێژەدان بە خوێنڕشتن و بەردەوامی سیاسەتە دڕندانەکەی ئەمریکایە لە ناوچەکە".
پێش ئەوەش، کنێست، پەرلەمانی ئیسرائیل، یاسایەکی دەرکرد و تێیدا هەر فەلەستینییەک لە کەرتی رۆژئاوا هەوڵی زیان گەیاندن بدات بە هاووڵاتی ئیسرائیلی، کەسوکاری هێرشبەرەکە دیپۆرتی غەززە یان هەرشوێنێکی دوورە دەستی ئیسرائیل دەکرێن.