چیرۆکی ئەو منداڵە لوبنانییەی ئەندامانی خێزانەکەی لەدەستدا و جەستە و دەروونی نەخۆش کەوت
رووداو دیجیتاڵ
حوسێن حەسەنی تەمەن 4 ساڵان، خەڵکی باکووری بەیرووتە لە لوبنان؛ لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەک و ماڵەکەیان، بریندار بووە بەڵام نەوەک هەر جەستە، بەڵکو تووشی زەبری دەروونیش بووە.
غەسان ئەبو سیتە، پزیشکی نەشتەرگەر لەبارەی دۆخی حوسێنەوە دەڵێ "کاتێک بۆ یەکەمجار دوای نەشتەرگەری بینیم، تێبینیم کرد قسە ناکات، ئاشکرابوو کە تووشی زەبری دەروونی بووە. ئەو ئێستا وەکو منداڵێکی خوار تەمەن خۆی رەفتار دەکات، شەوان جێگەکەی تەڕ دەکات و پێویستیی بە دایبییە، ناتوانێت کۆنترۆڵی خۆی بکات."
هێرشەکەی ئیسرائیل لە شەوی 21ـی تشرینی یەکەم بوو، حەسەنی باوکی لە دەرەوە بوو، لەگەڵ هێز و گرمەی تەقینەوەکە، حوسێن دەکەوێتە سەر شەقام؛ دایک و دوو خوشک و برایەکیشی لەنێو ماڵەکەدا گیان لەدەست دەدەن.
ئەو شەوە، خێزانێک لە چاوترووکانێکدا لێکترازان. حوسێنی 4 ساڵانیش پلاتین بۆ ئێسکی رانی دانراوە، حەوزی شکاوە و بەستەری قۆڵیشی پچڕاوە.
حەسەنی باوکی حوسێن دەشڵێ "سوپاسی خودا دەکەم کە حوسێن داوای دایک و برا و خوشکەکانی ناکات. سوپاس بۆ خوا. من هەرچیم لەدەستبێت دەیکەم. من و حوسێن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەدەینەوە و لە سفرەوە دەستپێدەکەینەوە."
قوربانییەکی دیکەی جەنگەکە، منداڵێکە بە ناوی ئیڤانا، کە لە هێرشێکی ئیسرائیلدا 40٪ـی جەستەی سووتا و هەفتەی پێشوو بە جەستەی سووتاوەوە و لە نەخۆشخانە تەمەنی بووە دوو ساڵ؛ ئیڤانا لەبری ئاهەنگی لەدایکبوون، چاوەڕێی چاکبوونەوەی برینەکانیەتی.
فاتیمە زەییون، دایکی ئیڤانا دەڵێ "کاتێک ئەوم لەو دۆخە دا بینی، بەرچاوم تاریک بوو. هەرگیز ئەزموونی وام نەکردبوو. بینیم نیوەی قژی نەماوە و کەچەڵ بووە، هەر لەبەر خۆمەوە دەمگوت ئەمە ئیڤانا نییە. بەجۆرێک سووتابوو، کە بە تەواوی رەش ببوو."
13 مانگە جەنگی ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان بەردەوامە، بەڵام نزیکەی دوو مانگە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان چڕتر بوونەتەوە.
لە شەش هەفتەی رابردوودا لە لوبنان 100 منداڵ کوژراون و 1400 منداڵی دیکەش بریندارن، برینەکانیان جیاوازن لەوانە لەدەستدانی ئەندامی جەستە و سووتان، بەڵام قووڵترین برین، لەدەستدانی خێزان و زەبری دەروونییە، کە بە درێژایی ژیانیان لەگەڵیان دا دەمێنێتەوە.