رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات، ساڵی داهاتوو کەرتی رۆژئاوای فەلەستین بە ئیسرائیلەوە دەلکێنن. دەشڵێت، هاتنەوەی ترەمپ بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا 'دەرفەتێکی گرنگە' بۆ جێبەجێکردنی ئەو بیرۆکەیە.
رۆژی دووشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2024، بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل لە کنێست گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، "ساڵی 2025، بە یارمەتیی خودا، دەبێتە ساڵی سەربەخۆیی جوودیا و سەماریا."
جوودیا و سەماریا ئەو ناوەیە کە جووەکان بۆ کەرتی رۆژئاوا بەکاریدەهێنن و رەگ و ریشەی لە تەورات دا بۆ شانشینی جوودیا (یەهوودا) لە باشوور و ساماریا (شۆمرۆن) لە باکوور دەگەڕێتەوە، هەریەک لە شارەکانی بەیت لەحم، خەلیل (هێبڕۆن) و ئەریحا دەگرێتەوە.
فەلەستینییەکان پێیان وایە کەرتی رۆژئاوا بەشێک دەبێت لەو دەوڵەتەی لەداهاتوودا بۆ فەلەستینییەکان دادەمەزرێندرێت، ئیسرائیلیش لە ساڵی 1967ـەوە چووەتە نێو کەرتەکە و بەشی زۆری سێکتەرەکانی ئیداری و ئەمنیی کەرتەکەی لەدەستدایە.
وەزیری دارایی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، فەرمانیکردووە ئامادەکاری بۆ "جێبەجێکردنی سەروەری" بەسەر کەرتی رۆژئاوادا بکرێت و گوتی، "رێنماییم بە بەڕێوەبەری کاروباری کۆمەڵگەکان [کۆمەڵگە جوونشینەکان] لە وەزارەتی بەرگریی کردووە ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی سەروەری بکەن".
سەرکەوتنی ترەمپ دەرفەتێکی گرنگە
وەزیری دارایی ئیسرائیل پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کرد بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی ئەمریکا و گوتی، "سەرکەوتنی ترەمپ، دەرفەتێکی گرنگە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل."
بێزالیل باسی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ کرد و گوتی، "لەکاتی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییدا، سەرۆک ترەمپ سەرۆکایەتیی گۆڕانکاریی زۆر گەورەی کرد."
لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ دا، ئەمریکا دانی بە سەروەریی ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی گۆلان دا نا، هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە تەلئەڤیڤەوە بۆ قودس/ئۆرشەلیم گواستەوە و نێوەندگیریی لەنێوان ئیسرائیل و چەندین وڵاتی عەرەبی کرد بۆ بەستنی پەیوەندی.
کێ دەسەڵاتی بەسەر کەرتی رۆژئاوادا هەیە؟
کەرتی رۆژئاوا بەگوێرەی پەیماننامەی ئۆسڵۆی ساڵی 1993؛ لەلایەن دەسەڵاتی فەلەستین و ئیسرائیل بەهاوبەشی بەڕێوەدەبردرێت و ناوچەکە بەسەر سێ یەکەی کارگێڕی دابەش کراوە.
ناوچەی یەکەم بە ناوچەی A ناسراوە و شارە گەورەکانی وەکو رامەڵڵا، نابلووس و بەیت لەحم دەگرێتەوە، 18٪ـی کەرتی رۆژئاوا پێکدەهێنن، بەتەواوەتی لەلایەن دەسەڵاتی فەلەستینەوە بەڕێوەدەبردرێت و دەسەڵاتی فەلەستین سەرپەرشتیی لایەنی کارگێڕی و ئەمنیی ناوچەکە دەکات.
ناوچەی دووەم بە ناوچەی B ناسراوە و بە هاوبەشی لەلایەن ئیسرائیل و دەسەڵاتی فەلەستین بەڕێوەدەبردرێت، دەسەڵاتی فەلەستین سەرپەرشتی لایەنی کارگێڕی دەکات و ئیسرائیلیش ئەمنییەتی ناوچەکەی بەدەستە. ناوچەکە 22٪ـی کەرتی رۆژئاوا پێکدەهێنێت.
ناوچەی سێیەمیش کە بە ناوچەی C ناسراوە، نزیکەی 60٪ـی کەرتی رۆژئاوا پێکدەهێنێت و هەردوو لایەنی کارگێڕی و ئەمنی لەژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلدایە. زۆربەی کۆمەڵگە جوونشینەکانی کەرتی رۆژئاوا لەو ناوچەیە دروست کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ