چوار سەربازی ئیسرائیل لە باکووری غەززە کوژران

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، چوار سەربازیان لە باکووری کەرتی غەززە کوژراون. 
 
بە کوژرانی ئەو چوار سەربازە، ژمارەی ئەو سەربازە ئیسرائیلییانەی لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشی زەوینییەوە بۆ سەر کەرتی غەززە لە 27ی ئۆکتۆبەری پارەوە کوژراون، بۆ 376 سەرباز بەرزبووەوە. 
 
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەو چوار سەربازە رۆژی دووشەممە کوژراون. 
 
گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، چوار سەربازەکە لە کاتی شەڕدا کوژراون، کە دووانیان تەمەنیان 20 و دووی دیکەش 21 ساڵن.
 
رۆژی دووشەممە، ئیسرائیل برینداربوونی لانیکەم 26 سەربازی دیکەی لە کەرتی غەززە و باشووری لوبنان راگەیاند. 
 
سوپاکە رایگەیاندبوو، 11 سەرباز لە کاتی شەڕکردن لە کەرتی غەززە برینداربوون، بێ ئەوەی روونیبکاتەوە لە چ ناوچەیەکی کەرتەکە.  
 
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی سوپاکە بڵاویکردوونەتەوە، لە سەرەتای جەنگی غەززەوە کە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکردووە، کۆی گشتی 786 سەربازی ئیسرائیلی کوژراون و لانیکەم 5 هەزار و 325ی دیکەش برینداربوون. 
 
لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر لە 43 هەزار و 600 کەس کوژراون کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 70٪یان ژن و منداڵن. هەروەها نزیکەی 103 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون. 
 
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنانیش بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم سێ هەزار و 200 کەس و برینداربوونی 13 هەزار و 800ی دیکە.
 
ئیسرائیل لە 1ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، بە هێرشی زەوینی بۆ سەر باشووری لوبنان، ململانێکەی فراوانتر کرد. 
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە