ئەردۆغان بۆ نەتەنیاهوو: ئاهی دایکان و منداڵانی فەلەستین دەتگرێت

12-11-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە رێوڕەسمێکی تایبەت بە کردنەوەی خانەیەکی بەساڵاچووان لە ئیستەنبووڵ، سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی لە بنیامین نەتانیاهوو گرت، رووی دەمی کردە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و پێی گوت، "ئاهی دایکان و منداڵانی فەلەستین دەتگرێت."
 
لە بەرامبەر ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززەی فەلەستین ئەنجامی دەدات. رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی، "لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سوپای ئیسرائیل هەزاران منداڵ لە کەرتی غەززە کوژران و ئەوەش گەورەترین ئازاردانی دایکی ئەو منداڵانەیە."
 
لە رۆژی 7-10-2023ـەوە بە گوێرەی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە 11 هەزار کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و زیاتر لە چوار هەزار و 400 کەسیان منداڵ بوون.
 
سەرۆککۆماری تورکیا رووی دەمی کردە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و گوتی، "ئاهی ئەو دایکانە دەتگرێت." رۆژی شەممە 10-11-2023 لووتکەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و وڵاتانی ئیسلامی لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەچوو و یەکێک لە سەرۆکانەی بەشداربوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان بوو. 
 
لە راگەیێندراوی کۆتایی لووتکەکەدا ئاماژە بە هەندێک خاڵ کرا:
 
-  داوای شکاندنی گەمارۆی سەر غەززە و رێگەدان بە دەربازبوونی کاروانی یارمەتی مرۆیی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتی بۆ نێو غەززە دەکەین.
- داوا لە هەموو وڵاتەکان دەکەین هەناردەی چەک و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل رابگرن.
- لووتکەی هاوبەشی ئیسلامی و عەرەبی سەرکۆنەی دوژمنکاریی ئیسرائیل و ئەو تاوانە جەنگی و کۆمەڵکوژییە دڕندانە و نامرۆڤانەیە دەکات کە حکومەتی داگیرکار دەیانکات.
-  ناوبردنی ئەم جەنگە بە بەرگری لەخۆکردن و رەوایەتیپێدانی بە هەر پاساوێک رەتدەکەینەوە.
- داوا لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی دەکەین بڕیارێکی یەکلاکەرەوە و پابەندکەر بدات بۆ وەستاندنی دوژمنکارییەکە و رێگریکردن لە دەسەڵاتی داگیرکار کە یاسای نێودەوڵەتی، یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی و بڕیارە رەوا نێودەوڵەتییەکانی پێشێلكردوون.
- هەر بیرۆکەیەکی جیاکردنەوەی کەرتی رۆژئاوا، لەنێویدا قودسی رۆژهەڵات، رەت دەکەینەوە و جەخت دەکەینەوە لەوەی هەر مامەڵەیەک لە داهاتوودا لەگەڵ غەززە بکرێت، پێویستە لە چوارچێوەی چارەسەرێکی گشتگیردا بێت، بە جۆرێک زامنی یەکگرتوویی یەکپارچەیی غەززە و کەرتی رۆژئاوای وەک خاکی وڵاتی فەلەستین بکات، کە پێویستە وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری بێت و پایتەختەکەی قودسی رۆژهەڵات بێت، لەسەر بنەمای سنوورەکانی 4ـی حوەزیرانی 1967. 
- داوا دەکەین بە زووترین کات کۆنفرانسێکی ئاشتیی نێودەوڵەتی ببەسترێت.
 
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی لووتکەکە قسەی کرد و گوتی، "دوێنێ لە ریازی پایتەختی سعودیە لە لووتکەی هاوبەشی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی و کۆمکاری عەرەبی پشتیوانیمان بۆ خەڵکی فەلەستین دووپاتکردەوە. بە پێشنیازی وڵاتەکەی ئێمەش بریاری گرنگ دران."
 
رۆژی 7-10-2023 سەدان چەکداری بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی بە سوودوەرگرتن لە پاراگلایدەر و بەلەم و بەزاندنی بەربەستی کۆنکرێتی و تەلبەندی نێوان کەرتی غەززە و باشووری ئیسرائیل چوونە کۆمەڵگە جوونشینەکانی باشووری ئیسرائیل.  
 
هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بووە هۆی ئەوەی حکومەتی ئیسرائیل جەنگ دژی بزووتنەوەی حەماس رابگەیێنێت و هەمان رۆژ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، حەماس "باجێک دەدات کە تاوەکو ئێستا وێنەی نەبووبێت." 
 
سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردن و تۆپبارانکردنی چڕی کەرتی غەززە کرد و دوای نزیکەی 20 رۆژ لە هێرشەکەش دەستی بە هێرشی زەمینی کرد. 
 
نەتەنیاهوو دەڵێت، ئامانجی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سوپای وڵاتەکەی کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە