رووداو دیجیتاڵ
لە شاری خان یونسی باشووری کەرتی غەززە، ئەو شارەی بە یەکێک لە شوێنە سەلامەتەکانی کەرتەکە دادەنرێت و زۆرترین ئاوارەی تێدا کۆبووەتەوە، لەگەڵ درێژەکێشانی جەنگ، قەیرانی خۆراک و کاڵا تێیدا سەری هەڵداوە.
نەدرا ئەبو عەمار، دانیشتووی خان یونسە و دەڵێت، "دۆخەکە رۆژ دوای رۆژ خراپتر دەبێت، کارەساتە. کاتێک دێیت شتومەک و خۆراک بکڕیت، دەبینیت هیچ نەماوە. ئەمڕۆ کاژێر 5 و نیوی بەیانی لە خەو هەستام و چووم نان بکڕم، بەڵام هەموو نانەواخانەکان داخرابوون، لەبەرئەوەی نە ئارد ماوە و نە گاز."
لە دەستپێکی جەنگەکەوە، زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار فەلەستینی لە باکووری کەرتی غەززەوە ئاوارەی بەشی باشووری بوون.
پێش جەنگ، رۆژانە 500 بارهەڵگری خۆراک و پێداویستی تەندروستی لە دەروازەی رەفەحەوە دەچوونە نێو کەرتی غەززە، بەڵام لە 7ی مانگی رابردووەوە تەنیا 914 بارهەڵگری هاوکاری چوونەتە ئەو ناوچەیەی فەلەستین. ئەوە جگە لەوەی 31 رۆژە کەرتی غەززە بێ کارەبا و سووتەمەنییە.
ساڵح عەواد، خاوەن مارکێتە و باس لەوە دەکات، "ئێمە ناتوانین کاڵای تەواو بۆ کڕیاران دابین بکەین. دۆخێکی زەحمەتە بۆ هەمووان. خەڵک روو لێرە دەکەن و رەفەکان بەتاڵ دەکەن. پەنیر، گۆشتی قوتو، چا، شەکر، هیچیمان نەماوە، ئەگەر شەڕ بەردەوامن بێت، دۆخێکی دژواتر دێتەئاراوە".
رێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی دەڵێت، پێش جەنگ ئەوان سەرپەرشتی 23 نانەواخانەی کەرتەکەیان دەکرد، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئارد و سووتەمەنییەوە تەنیا دووانیان ئێستا کار دەکەن و 28 تایبەتەکەی دیکە داخراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ