رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
سیستەمی بەرگریی سووریا لەکاتی بەرپەرچدانەوەی مووشەکی ئیسرائیلی لە باشووری دیمەشق، وێنە: ئەرشیڤی 2020ـی ئاژانسی فرانس پرێس
رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیل چەند پێگەیەکی لەنێو سووریا بۆردوومانکرد، ئەوەش دوای ئەوەی چەند جارێک بە مووشەک ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان کرانە ئامانج.
رۆژی یەکشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2023، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، فڕۆکە جەنگییەکانیان "ژێرخانی تیرۆریستانیان" لە نێو خاکی سووریا بۆردوومان کردووە، ئەوەش وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر بەرزاییەکانی جۆلان.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "لە وەڵامی چەندین هێرشی رۆژی شەممەدا بۆ سەر بەرزاییەکانی جۆلان، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی بەرگریی ئیسرائیل، چەندین پێگەی ژێرخانی تیرۆریستانیان لە سووریا کردە ئامانج".
رۆژی شەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2023، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، دوو مووشەک لەنێو سووریاوە ئاراستەی ناوچەیەکی چۆڵی بەرزاییەکانی جۆلان کراون، بەڵام هیچ زیانێکیان نەبووە.
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان چەکدارانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـدا چەند جارێک تۆپباران و گرژی لە ناوچە سنوورییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ سووریا و لوبنان هەبووە.
گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لەنێو سووریاوە ناوچە جیاجیاکانی بەرزاییەکانی جۆلان دەکەنە ئامانج. حیزبوڵڵای لوبنانیش لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنانەوە مووشەک ئاراستەی ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل دەکات، سوپای ئیسرائیلیش لە رێگەی بۆردوومانکردن و تۆپبارانکردنی پێگەکانی ئەو گرووپانەوە وەڵامی هێرشەکان دەداتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ