جۆن کێربی بۆ رووداو: هیچ بەڵگەیەکمان نییە ئێران لە پشت هێرشەکەی حەماسەوە بووبێت

12-10-2023
دیار کوردە @diyarkurda
جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا
جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا
نیشانەکردن حەماس ئیسرائیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا دەڵێت، 17 هاووڵاتیی ئەمریکی لە ئیسرائیل بێسەروشوێنن. لەبارەی ئەگەری بەشداربوونی ئێران لە پلان و جێبەجێکردنی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، دەڵێت، "تائێستا هیچ بەڵگەیەکی دیاریکراومان نییە."  
 
رۆژی پێنجشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2023، جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا لە هەڤپەیپینێکدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، "ئێمە دەزانین تاوەکو ئەمڕۆ، 17 ئەمریکی بێسەروشوێنن، نازانین ئێستا لە کوێن، پێمان وایە کە ژمارەیەکی کەمیان ئێستا وەک بارمتە گیرابن، بەدیاریکراوی نازانین ژمارەکەیان چەندە."
 
کێربی لەبارەی ئەگەری دەستوەردانی ئێران لە هێرشەکەی سەر ئیسرائیل، دەڵێت، گومان لەوەدانییە کە ئێران جۆرێک لە پەیوەندی لێرەدا هەیە.. بەڵام ئێمە تائێستا هیچ بەڵگەیەکی دیاریکراومان نییە کە ئەوان لە پلان و جێبەجێکردنی ئەو هێرشەدا بەشداربووبن."
 
رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا دەڵێت، هێزەکانیان لە عێراق و سووریا مافی بەرگریکردن لەخۆیان هەیە و "فەرمانیشیان بۆ ئەوە پێییە، هاوکات تواناشیان هەیە بۆ پارێزگاریکردن لە خۆیان بەرامبەر بە هەر هێرشێک."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا:
 
رووداو: زۆر سوپاس جۆن کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمەی، دەمەوێت بەوە دەستپێبکەم، دەتوانیت دواین زانیاریم پێبڵێیت کە چەند ئەمریکی بە بارمتە گیراون یان بێسەروشوێنن لە ناوچەکە؟
 
جۆن کێربی: ئێمە دەزانین تاوەکو ئەمڕۆ، 17 ئەمریکی بێسەروشوێنن، نازانین ئێستا لە کوێن، پێمان وایە کە ژمارەیەکی کەمیان ئێستا وەک بارمتە گیرابن، بەدیاریکراوی نازانین ژمارەکەیان چەندە. بۆیەش باشترین هەوڵی خۆمان دەدەین لەگەڵ ئیسرائیلییەکان و بەدڵنیاشیەوە لەگەڵ کەسوکاریان کاربکەین تاوەکو زۆرترین زانیاریمان هەبێت و بتوانین بزانین سۆراغیان چییە.
 
رووداو: هەوڵتان داوە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بە حەمساوە بکەن تاوەکو ئەمریکییە بارمتەکان بە سەلامەتی بگەڕێننەوە ماڵەکانیان؟  
 
جۆن کێربی: ئێمە پەیامێکی تووندمان بۆ حەماس هەیە، بە ئاشکراش ئەو پەیامەمان گەیاندووە و گوتوومانە پێویستە هەموو بارمتەکان هەر ئێستا ئازاد بکەن. من هیچ شتێکم لانییە سەبارەت بە هەبوونی گفتوگۆ یان دانوستان لەگەڵ حەماس کە بۆتۆی باسبکەم، ئێمە هیچ جۆرە پەیوەندییەکمان لەگەڵ گرووپێکی تیرۆرستی بینیدا نییە، کە یەکێکن لەو گرووپانە تووندترین سزای ئەمریکایان بەسەردا سەپێندراوە، بۆیەش دەرگای گفتوگۆ بەرووی حەماسدا ناکەینەوە، جگە لەوەی بە ئاشکرا پەیامیان بۆبنێرین، بەڵام دەزانین ئێستا هەندێک وڵات هەن وەک قەتەر ئەو پەیوەندییەیان هەیە، بۆیەش بێگومان لەگەڵ هاوبەشە قەتەرییەکانمان قسە دەکەین.
 
رووداو: دەزانم لە چەند رۆژی رابردوودا قسەت لەسەر ئێران کردووە و دەڵێن کە ئێران راستەوخۆ لەو شەڕەدا بەشدار نەبووە، بەڵام هەموو کەسێک دەزانێت حەماس ناتوانێت بەبێی پشتیوانی و هاوکاری دارایی ئێران ئەمە بکات، پێتوایە کە ئێڕان پێشتر هاوکاری حەماسی کردووە لە پێدانی مووشەک یان هاوکاری دارایی؟
 
جۆن کێربی: گومان لەوەدانییە کە ئێران جۆرێک لە پەیوەندی لێرەدا هەیە، ئەمەش بەهۆی پشتوانییە درێژخایەنەکانیان بۆ حەماس بۆ چەندین ساڵ، وەک مەشق پێکردنیان و هاوکاریکردنی داراییان. حەماس نەیدەتوانی هەبێت، ئەگەر بەهۆی ئەو پشتیوانیانە نەبێت کە لەلایەن ئێرانەوە لێیی دەکرێت، بەڵام ئێمە تائێستا هیچ بەڵگەیەکی دیاریکراومان نییە کە ئەوان لە پلان و جێبەجێکردنی ئەو هێرشەدا بەشداربووبن.
 
رووداو: خەڵکێکی زۆر هەیە کە باوەڕیان وایە، ئێران ئەگەر راستەوخۆش بەشدار نەبووبێت، بە ناڕاستەوخۆ بەشداربووە، هیچ زانیاریەکتان هەیە ئەمە پشتڕاست بکاتەوە؟
 
جۆن کێربی: نەخێر نیمانە.
 
رووداو: پرسیارێکی دیکە، وڵاتی زۆر هەن کە پشتیوانی لە حەماس دەکەن، چەندین راگەیێندراومان لە وڵاتانی وەک عێراق و پاکستان بینین کە راگەیێندراویان بۆ پشتیوانیکردن لە حەماس دەکردووە، تێبینی ئەو راگەیێندراوانەتان کردوون؟
 
جۆن کێربی: دەمەوێت بڵێم، ئێمە بێگومان ئەو جۆرە گوتارانەمان لەلایەن هەندێک لایەنەوە بۆ پشتیوانیکردن لە حەماس بینیوە، ئەمەش قێزەون و شایەنی سەرزەنشتن، چونکە ئەمانە رێکخراوێکی تیرۆرستین کە خەڵک لە نێو جێگاکانیاندا سەردەبڕن، منداڵی ساوا، بەتەمەنەکان، ژنان و منداڵان و پیاوانی بێتاوان دەکوژن. ئەمەش بێگومان شایەنی ئیدانەکردنە و کارێکی قێزەونە. بۆ هەموو ئەوانەش کە بەئاشکرا دەستخۆشی لەمە دەکەن، ئەمە نیشانی دەدات کە ئەوان چی کاری لە پێشینەیانە و پشتیوانی لە چی دەکەن. دوێنێش سەرۆک بە ئاشکرا گوتی کە هەڵوێستی ئێمە چییە، ئمە بە روونی پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەین.
 
رووداو: ئەی پەیوەندیتان بەو وڵاتانەوە کردووە کە پشتیوانی لە حەماس نەکەن و رەنگە ئەمە هانیان بدات لە شەڕەکەدا بەردەوامبن؟
 
جۆن کێربی: ئەم وڵاتانە پێوسیتە بەناوی خۆیانەوە قسەبکەن، ئێمەش بەناوی خۆمانەوە قسە دەکەین، کە پشتیوانی لە چی دەکەین و لە دژی چی دەوەستینەوە، ئێمە متمانەمان بەو سیاسەتە هەیە کە گرتوومانەتە بەر.
 
رووداو: هەندێک گرووپی چەکداری پشتیوانلێکراو لەلایەن ئێران لە عێراق و سووریا هەن، راگەیێندراویان دەرکردووە و هۆشداری بە ئەمریکا دەدەن، وەک نموونە رێکخراوی بەدر دەڵێت، ئەگەر ئەمریکا لەو شەڕەدا بەشداربێت، ئەوانیش دوودڵ نابن لە کردنە ئامانجی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە. ئێوە ئەو هۆشداری گرووپەکانی پشتیوانلێکراو لەلایەن ئێران بە جدی وەرتانگرتووە؟
 
جۆن کێربی:  ئێمە هەر لە سەرەتاوە چالاکییەکانی ئەو گرووپانەی پشتیوانلێکراون لەلایەن ئێران بە جدی وەرگرتووە، نامەوێت باس لە رێکارەکانی خۆپارێزی هێزەکانمان بکەم، ئەمە شتێکە ئێمە بە ئاشکرا وردەکارییەکەی ناڵێین، بەڵام ئێمە هەمیشە سەیری هەموو ئەو رێگایانە دەکەین بۆ گۆڕانکاری لە هێزەکانمان و پاراستنی سەلامەتی و ئاسایشی خەڵکەکەمان لە بنکەکان، ئەمەش دەکەین. دەمەوێت ئەوەش بڵێم، ئێمە پارێزگاری لە خۆمان دەکەین، من پێشبینی هیچ شتێکی دیاریکراو لەوبارەوە ناکەم، بەڵام هێزەکانمان لە عێراق و سووریا مافی بەرگریکردن لەخۆیان هەیە و فەرمانیشیان بۆ ئەوە پێییە، هاوکات تواناشیان هەیە بۆ پارێزگاریکردن لە خۆیان بەرامبەر بە هەر هێرشێک.
 
رووداو: ئێوە باستان لەوەکردووە کە هەندێک ئاماژەتان بۆ وڵاتان و لایەنەکان ناردووە کە ئەم دۆخ و گرژییە لەنێوان حەماس و ئیسرائیل لە بەرژەوەندی خۆیان نەقۆزنەوە، پێتوایە هەندێک وڵات، وەک ئێران هەوڵدەدەن سوود لەم دۆخە وەربگرن؟
 
جۆن کێربی: هیچ ئاماژەیەکمان نەبینیوە کە هیچ گرووپ و رێکخراو دەوڵەتێک هەوڵیاندابێت ئەم شەڕە فراوان بکەن، ئەمەش باشە، رێک ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت.
 
رووداو: دواین پرسیارم، وەزیر بلینکن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیدا لەگەڵ هاوتاکانی، وەک نموونە لەگەڵ هاوتا تورکەکەی، لە توویتێکدا گوتی هەوڵدەدەن جۆرێک لە ئاگربەست هەبێت، ئێوە هێشتا پشتیوانی لە ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەکەن؟
 
جۆن کێربی: ئێستا هیچ هەوڵێک نییە بە ئاراستەی هەبوونی ئاگربەست کاربکات.
 
رووداو: واتە ئێوە پشتیوانی لە ئاگربەست ناکەن؟
 
جۆن کێربی: ئێستا هیچ هەوڵێک نییە بە ئاراستەی ئاگربەست بدرێت، ئێستا ئێمە سەرنجمان لەسەر پشتیوانیکردنە لە ئیسرائیل تاوەکو بەرگری لەخۆیان بکەن.
 
رووداو: زۆر سوپاس جۆن، سوپاس کە لەگەڵ ئێمە بوویت.
 
جۆن کێربی: بێگومان

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە