لە هێرشێكی حەماسدا هاووڵاتییەکی تورکیا کوژراوە و یەکێکی دیکەش بێسەروشوێنە

رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزخانەی تورکیا لە ئیسرائیل دەڵێت، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە راگەیاندنی حکومەتی ئیسرائیلەوە دەستیان کەوتووە، هاووڵاتییەکی تورکی لەو وڵاتە کوژراوە و یەکێکی دیکەش تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2023، میدیاکانی تورکیا هەواڵەکەیان بڵاوکردەوە و بەپشتبەستن بەو زانیارییانەی باڵیۆزخانەی تورکیا لە ئیسرائیل لە نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی ئیسرائیلەوە دەستیانکەوتووە رایانگەیاند، هاووڵاتییەکی تورکیا لە هێرشەکەی حەماس لە حەوتی تشرینی یەکەم گیانی لەدەستداوە، هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی تورکیا بێسەروشوێنە و هیچ هەواڵێکی لەبارەوە نییە.
 
تاوەکو ئێستا حکومەتی تورکیا بە فەرمی ئەو زانیارییانەی پشتراست نەکردووەتەوە و کوژرانی هیچ هاووڵاتییەکی تورکی رانەگەیاندووە.  
 
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە پێنجەم رۆژی شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین و ئیسرائیل ئاماری ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕەکەوە گیانیان لەدەستداوە، ئاشکراکرد و رایانگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی دوو هەزار و 400 کەس کوژراون.