ئەردۆغان لەبارەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ژمارەیەک وڵات ئەنجامدا

12-10-2023
هێمن عەساف
نیشانەکردن حەماس ئیسرائیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا بەمەبەستی تاوتوێ کردنی گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات، شای ئوردن، شازادەی جێنشینی سعوودیە، سەرۆکی جەزائیر و راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنجامدا. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2023، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەردەوامە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، بۆ ئەمەش بە تەلەفۆنی لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی و جیهانی قسەی کردووە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەردۆغان بە تەلەفۆن لەگەڵ محەممەد بن زاید ئالنهەیان، سەرۆکی ئیمارات، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن و عەبدولمەجید تەبوون، سەرۆکی جەزائیر و ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا قسەی کردووە. 
 
سەرۆککۆماری تورکیا لە سەرجەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا، دوایین رەوشی قۆناخی شەڕ و پێکدادانەکانی ئیسرائیل و حەماس تاوتوێ کردووە. باسی لەوە کرد کە دەکرێت بەو هەنگاوانەی رای گشتیی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی وڵاتانی ناوچەکە دەیگرنەبەر کۆتایی بە گرژییەکانی ئیسرائیل و حەماس بهێندرێت. 
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، جەختی لە پێویستی هۆشیاری کردەوە لەبارەی ئەگەری تەشەنەسەندنی شەڕ و پێکدادانەکان بۆ سەرانسەری ناوچەکە و ئامادەیی تورکیای نیشاندا بۆ هەر جۆرە پشتیوانییەک بە نێوەندگیریشەوە بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان.
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە "تورکیا دەستی بە کار کردووە بۆ گەیاندنی هاوکاری بە هاووڵاتییانی سڤیل و بێتاوان کە کەوتوونە تەبەر کاریگەریی هێرشەکان". ئەوەیشی خستەڕوو کە "جێگەی قبووڵ نییە شوێنەکانی نیشتەجێ بوونی سڤیل بۆردوومان بکرێت و گرنگە وڵاتانی ناوچەکە پەیامی بونیاتنەر بدەن لە پێناو کۆتایی هێنان بە شەڕ و پێکدادانەکان."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە