نەتەوە یەکگرتووەکان: قەبارەی ئابووریی غەززە لە دوای جەنگ کەمترە لە شەش یەکی قەبارەی پێشووی

 
رووداو دیجیتاڵ 

نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە دوای جەنگ، قەبارەی ئابووریی غەززە بۆ کەمتر لە شەش یەکی قەبارەی پێشووی بچووک بووەتەوە و 201 هەزار کەس کارەکانیان لەدەستداوە، لە کەرتی رۆژئاواش بێکاری سێ هێندە بووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12-09-2024، کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و بەرەوپێشچوون (UNCTAD) راپۆرتێکی لەسەر رەوشی ئابووریی غەززە بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: "ئابووریی غەززە رووخاوە و گوشارێکی زۆریش لەسەر کەرتی رۆژئاوا هەیە."
 
پێدرۆ مانوێل مۆرێنۆ، جێگری سکرتێری گشتیی UNCTAD رایگەیاند: "راپۆرتەکەمان داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات رێگە لە زیاتر تێکشکانی ئابووریی غەززە بگرن، مامەڵە لەگەڵ قەیرانە مرۆییەکان بکەن و رێگەی فەراهەمکردنی ئاشتی دابڕێژن."
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، تێکڕای بەرهەمی ناوخۆی غەززە لە کۆتایی ساڵی 2023 نزیکەی 81٪ دابەزی، ئەمەش کەمترە لە شەش یەکی قەبارەی ئابووریی کەرتەکە لە 2022. ئەم دابەزینە کاریگەریی خستووەتە سەر 96٪ـی کشتوکاڵ و 82٪ـی بارزگانی و کۆمپانیاکانی کەرتەکە. لەوکاتەوەی جەنگ دەستیپێکردووە دوو لەسەر سێی هەلی کارەکان کە یەکسانە بە 201 هەزار کار لەنێوچوون. ئێستا ئاستی بێکاری لە غەززە 67٪ـە.
 
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە لەگەڵ دەستپێکی جەنگ، تێکڕای بەرهەمی ناوخۆی کەرتی رۆژئاوا 19٪ دابەزی و نزیکەی 300 هەزار کەس کارەکانیان لەدەستدا.
 
ئاستی بێکاری لە کەرتی رۆژئاوا لە 12.9٪ بۆ 32٪ بەرزبووەوە. 96٪ـی بارزگانییەکانی ئەو کەرتە رایانگەیاندووە کە چالاکی و فرۆشیان کەمی کردووە. 42.1٪ـی بارزگانییەکان ستافیان کەمکردووەتەوە و لەنێوچوونی کار بووەتە هۆی ئەوەی کەرتەکە رۆژانە 25.5 ملیۆن دۆلار لەدەستبدات. 
 
هەژاری کێشەیەکی دیکەی کەرتەکەیە کە تەنگی بە دانیشتووانەکەی هەڵچنیوە. لە راپۆرتەکە هاتووە، لە ساڵی 2022 نزیکەی سێیەکی خەڵکی فەلەستین کە یەکسانە بە 1.84 ملیۆن کەس، ئاسایشی خۆراکییان نەبوو، هەروەها 31.1٪ـی خەڵک هەژار بوون. پێش جەنگ، 80٪ـی دانیشتووانی غەززە پشتیان بە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبەست. ئێستا و لە دوای جەنگ، "نزیکەی هەموو خەڵکی غەززە هەژارن و ئاسایشی خۆراکییان نییە."