شەش کارمەندی UN لە نێوەڕاستی غەززە کوژران

رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای ئیسرائیل قوتابخانەیەکی لە نێوەڕاستی کەرتی غەززە بۆردوومان کرد کە ئاوارەی فەلەستینی تێدایە، بەهۆیەوە 18 کەس کوژران کە شەشیان کارمەندی رێکخراوی ئۆنروای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بوون. ئیسرائیل رایگەیاند، ناوەندێکی چەکدارانی حەماسیان کردووەتە ئامانج.
 
شەوی چوارشەممە 11ی ئەیلوولی 2024، سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی قۆتابخانەیەکی لە ناوچەی نوسێرات لە نێوەڕاستی غەززە کردووە، کە گوایە ناوەندێکی هاوئاهەنگی چەکدارانی حەماس بووە، بەڵام بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن، قوتابخانەکە ئاوارەی تێدا بووە و لە ئەنجامی هێرشەکەشدا، 18 کوژراون، کە شەشیان کارمەندی ئۆنروا بوون. 
 
رێکخراوی ئۆنروا، لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی شەش کارمەندەکەی پشتڕاستکردەوە و بە خوێناویترین رۆژی رێکخراوەکەی هەژمار کرد لەوەتەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەستیپێکردووە.
 
رێکخراوەکە راشیگەیاند، زۆربەی قوربانییەکانی هێرشەکە ئافرەت و منداڵ بوون. 
 
هەروەها ئۆنروا دەڵێت، یەکێک لەو کارمەندانەی کوژراوە، بەڕێوەبەری شێڵتەرەکە بووە و ئەوانی دیکەش یاریدەدەر و کارمەندی ئۆنروا بوون.
 
لە جەنگی غەززە، ئیسرائیل چەندین قوتابخانە و نەخۆشخانەی کردووەتە ئامانج، بەپاساوی ئەوەی ئەو شوێنانە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بەکاردەهێنرێن و کراونەتە کۆگای چەکوتەقەمەنی. 
 
نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا، باسی لە ‌هێرشەکەی سەر قوتابخانەکە کرد و رایگەیاند، دەبێت سنوورێک بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل دابنرێت کە بەگوێرەی قسەی فلیپێ لازارینی، سەرۆکی رێکخراوی ئۆنروا، تائێستا لانیکەم 220 کارمەندی ئەو رێکخراوە لە غەززە کوژراون. 
 
هەروەها ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل و کوژرانی کارمەندانی ئۆنروا رایگەیاند، "ئەوەی لە غەززە دەگوزەرێت بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە".
 
لە بەرامبەردا، نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تووندی وەڵامی ئەو لێدوانەی سکرتێگری گشتی یوئێنی دایەوە و رایگەیاند گۆتێرێز راستییەکانی شێواندووە.