نووسینگەى راگەیاندنى حکومى لە غەززە بۆ رووداو: 83 هەزار تۆن بۆمب بەسەر غەززەدا فڕێدراوەتە خوارەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
نووسینگەى راگەیاندنى حکومى لە غەززە رایگەیاند، لە دواى دەستپێکردنى جەنگەوە، سوپاى ئیسرائیل 83 تۆن بۆمب و تەقەمەنى بەسەر ئەو کەرتەدا بەرداوەتەوە و قەبارەى زیانە ئابوورییەکانى بە زیاتر لە 33 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
 
ئیسماعیل سەوابتە، بەڕێوەبەرى نووسینگەى راگەیاندنى حکومى لە غەززە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لەو 341 رۆژەى کە جەنگ لەو کەرتە هەیە، "150 هەزار کەس بوونەتە قوربانی، 83 هەزار تۆن تەقەمەنى و بۆمب لەلایەن فڕۆکە جەنگەییەکانى ئیسرائیلەوە بەسەر کەرتى غەززەدا بەردراونەتەوە".
 
جەنگی غەززە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە. لەو رۆژەدا، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 170 کەس کوژران، کە زۆربەیان سڤیل بوون. 
 
بەگوتەى بەڕێوەبەرى نوسینگەى راگەیاندنى حکومى لە غەززە بەهۆى جەنگەوە 34 نەخۆشخانە لە کار کەوتوون و تەنیا یەک نەخۆشخانەى حکومى ماوە کە خزمەتگوزارى تەندروستى پێشکێش دەکات، ئەویش نەخۆشخانەى شوهەداى ئەقسایە و خزمەتگوزارى تەندروستى پێشکێش بە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس دەکات. 
 
ئیسماعیل سەوابتە گوتى: "سوپاى ئیسرائیل 885 پزیشک و پەرستار و کارمەندى تەندروستى کوشتووە کە لە وەزارەتى تەندروستى فەلەستین کاریان دەکرد" .
 
چەکدارەکانى حەماس لە  7ـی تشرینی یەکەمی 2023 نزیکەی 250 کەسیان لە ئیسرائیل بە بارمتە گرت، هەندێکیان ئازاد کران.
 
بەڕێوەبەرى نوسینگەى راگەیاندنى حکومى لە غەززە دەڵێت، 123 زانکۆ و قوتابخانە لە غەززە بە تەواوى خاپوور کراون، 334ى دیکەیان بەشێکیان خاپوور بووە و شیاو نەماوە بۆ خوێندن، 11 هەزار و 500 قوتابی و 750 مامۆستاو و 115 زانا و  لێکۆڵەریش کوژراون.
 
بەگوێرەى ئامارى ئەو نووسینگەیە، 78%ى خانووەکان لە کەرتى غەززە خاپوور بوون، 80%ى دانیشتووانەکەى بێ ماڵن، ئیسماعیل سەوابتە دەڵێت: "سوپاى ئیسرائیل خانووەکانى بەتەواوى خاپوور کردووە، یان بەشێکى، کە وایانلێهاتووە بۆ نیشتەجێوون ناشێن".
 
بەڕێوەبەرى نووسینگەى راگەیاندنى حکومى لە غەززە رایگەیاند، 3500 منداڵى خوار پێنج ساڵان لە غەززە رووبەڕووى بەدخۆراکى بوونەتەوە و پێویستیان بە شیر و خۆراکى تەواوکارییە بۆ ئەوەى بژین، بەڵام ئەوە فەراهەم نییە. 
 
ئیسماعیل سەوابتە گوتى: "سوپاى ئیسرائیل زیاتر لە یەک ملیۆن مەترى لە تۆڕى ئاو و رێگە سەرەکییەکان و ئاوەڕۆ خاپوور کردووە، یەک ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتى لە وەزارەتى تەندروستى تۆمارکراون کە بەهۆى ئاوارەبوونیانەنەوە تووشی نەخۆشی بوون".
 
 ئامارى زیانەکانی شەڕ لە غەززە:
 
کوژراو و بێسەروشوێن: 51,020 کەس

 

کوژراوان:
 
16,750 منداڵ 
115 منداڵى ساوا
11,346 ژن کوژراون
885 کارمەندى تەندورستى
82 کارمەندى بەرگریى شارستانی 
172 رۆژنامەڤان
 
بریندار:
94,925 کەس
 
مردن بەهۆی برسیێتی:
36 کەس
 
 گۆڕى بەکۆمەڵ:
 
7 گۆڕ
520 رووفات
 
منداڵی بێ دایک و باوک:
17 هەزار
بەدخۆراکی:
3500 منداڵ
نەخۆشکەوتن:
1,737,526 کەس
 
ئاوارە:
2 ملیۆن کەس
دەستگیرکردن:
 5,000  کەس
 
بۆردوومانکردنی باڵەخانەکان:
200 فەرمانگە
335 قوتابخانە و زانکۆ
661 مزگەوت
3 کەنیسە
150 باڵەخانەی نیشتەجێبوون
34 نەخۆشخانە
11,500 قوتابی کوژراون
750 مامۆستا کوژراون
115 زانا و لێکۆڵەر
 
بەردانەوەی تەقەمەنی:
83 هەزار تۆن
 
زیانی شەڕ:
33 ملیار دۆلار