نازم دەباغ: دوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی بەغدا و تاران، پەیوەندیی هەولێر و تاران بەهێزتر دەبێت

12-09-2023
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، ئێران چەند جارێک پەیامیان پێداوە بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدا و تاران و گوتیشی: "بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، پەیوەندیی نێوان هەولێر و تاران دەچێتە قۆناخێکی نوێوە."
 
رۆژی سێشەممە، 12-09-2023 نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرباشە و هاتووچۆی دیپلۆماسی و بازرگانی لەنێوان هەردوولا بەردەوامە."
 
رۆژی 19ـی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆکرد، کە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران واژۆکەیان کرد. یاداشتەکە هاوئاهەنگی لە رووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی لەخۆگرتووە.
 
نازم دەباغ گوتی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند جارێک پەیامیان بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە پێداوم و منیش پەیامەکەم بۆ هەولێر ناردووە، جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تاران دەباتە قۆناخێکی نوێوە و بەهێزتری دەکات".
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە عێراق و سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ تاران، گەواهی باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دەدەن".
 
دووشەممە، 11-9-2023 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە محه‌ممه‌د كازم ئال سادق، باڵيۆزى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌ عێراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد.
 
له‌ كۆبوونه‌وەکەدا بەپێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: "بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، رێككه‌وتنى ئه‌منيى نێوان عێراق و ئێران، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنيان،'' تاوتوێ كران.
 
نێچيرڤان بارزانى باسى له‌ بايه‌خى په‌يوه‌ندييه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران وه‌ك دراوسێيه‌كى گرنگى هه‌رێمى كوردستان كرد و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌؛ هه‌رێمى كوردستان پابه‌ندى رێككه‌وتنى ئه‌منيى نێوان عێراق و ئێرانه‌، هه‌روه‌ها دڵنيايى دا "هه‌رگيز رێگه‌ناده‌ن هيچ هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى ئه‌منى له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بۆ سه‌ر كۆمارى ئيسلاميى ئێران دروست ببێت.''
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە باڵيۆزى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌ عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا جه‌ختى له‌ بايه‌خ و گرنگيى په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانينى پێشكه‌شی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ يارمه‌تى و ئاسانكارييه‌كانى له‌ گواستنه‌وه‌ى زياره‌تكارانى ئێرانى له‌ يادى چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێندا.
 
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە