رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی بەحرەین و ئیسرائیل رایانگەیاند، گەیشتوونەتە رێککەوتنی ئاشتی. وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و ئێرانیش سەرکۆنەی رێککەوتنەکەیان کرد. ئێران دەڵێت، "بەو رێککەوتنە بەحرەین بووە هاوبەشی تاوانەکانی رژێمی زایۆنیستی". تورکیاش دەڵێت، "بە نیگەرانییەوە لە بڕیاری بەحرەین دەڕوانین".
لە راگەێندراوێکیدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، "بەرپرسانی بەحرەین لەمەودوا دەبنە هاوبەش لەو تاوانانەی کە ئیسرائیل ئەنجامیان دەدات و دەبنە هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە و هەروەها ئاسایشی هەموو جیهانی ئیسلامی".
وەزارەتی دەرەوەی ئێران راشیگەیاندووە، بە واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل، "بەحرەین بەشدار دەبێت لە دەیان ساڵ لە تووندوتیژی، سەربڕین، شەڕ، تیرۆر و رشتنی خوێنی ستەملێکراوانی فەلەستین و ناوچەکە".
شەوی رابردوو، ئیدارەی ترەمپ رێککەوتنی ئیسرائیل و بەحرەینی راگەیاند و ئاشکراشیکرد، رۆژی سێشەممە 15ـی ئەم مانگە رێککەوتنەکە بەفەرمی واژۆدەکرێت.
رێککەوتنی بەحرەین و ئیسرائیل دوای کەمتر لە یەک مانگ دێت لە رێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات بە سەرپەرشتی ئەمریکا.
بەو جۆرەش، لەدوای رێککەوتنی ئیسرائیل لەگەڵ هەر یەک لە وڵاتانی میسر 1979، ئوردن 1994، ئیمارات 2020، رێککەوتنی ئیسرائیل لەگەڵ بەحرەین چوارەم رێککەوتنی ئاشتییە کە ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی واژۆی دەکات.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، سەبارەت بە بڕیاری بەحرەین بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی دیپلۆماسیی لەگەڵ ئیسرائیلدا رایگەیاند ''بە نیگەرانییەوە لە بڕیاری بەحرەین دەڕوانین بۆ ئاساییكردنهوه و بونیادنانی پەیوەندی دیپلۆماسیی لەگەڵ ئیسرائیل و بە توندی سهركۆنهی دەکەین''.
لە راگهیێندراوێكدا، کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، ئەو بڕیارەی بەحرەین پێچەوانەی بەڵێنەکانیەتی لە بازنەی هەوڵی ئاشتیی عەرەبی و رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی.
لە راگهیێندراوهكهدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە ئەو هەنگاوە گورز لە کارەکانی بەرگریی لە دۆزی فەلەستین دەدات. دەڵێت، ''ئەو هەنگاوە ئیسرائیل بوێرتر دەکات لە درێژەدان بە رێکارە ناشەرعیيەکانی بەرامبەر فەلەستین و هەوڵەکانی بۆ داگیرکردنی هەمیشەیی خاکی فەلەستین''.
بە گوتەی تورکیا، تاکە رێگەی بونیادنانی ئاشتیی و سەقامگیری لە رۆژههڵاتی ناوەڕاستدا بە دۆزینەوەی چارەسەری دادپەروەرانە و گشتگیری دۆزی فەلەستیندا تێدەپەڕێت لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ